ئایا زۆر خەوتن دەبێتە هۆی ئازاری پشت؟

AM:08:58:14/08/2025

3880 جار خوێندراوەتەوە

مانەوە لە جێگادا زیاد لە پێویست کاریگەری چاوەڕواننەکراو لەسەر تەندروستی دروست دەکات.

بەپێ ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی "Health Digest" کە تایبەتە بە هەواڵە تەندروستییەکان و توێژینەوە پزیشکییەکان بڵاویکردووەتەوە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە مانەوە لە جێگادا زیاد لە پێویست کاریگەری چاوەڕواننەکراو لەسەر تەندروستی دروست دەکات چونکە دەبێتە هۆی ئازاری پشت، ئەمەش بەو مانایەیە کە زۆر خەوتن دەبێتە هۆی ناڕەحەتی و ئازار.

ڕاپۆرتەکە لە زاری دکتۆر ڕۆبەرت گریفین پسپۆڕی بڕبڕەی پشتەوە نووسیویەتی، "لە ڕۆژدا مرۆڤەکان توانای جوڵە و گۆڕینی شوێنەکانیان هەیە بە شێوەیەک کە یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری پشت دەدات"، ئاماژەی بەوەشکردووە"گۆڕانکاری کەمتر لە کاتی خەودا ڕوودەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازاری پشت بە تایبەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر لە جێگادا بمێنیتەوە".

باسیشی لەوە کرد رەنگە هۆکاری ئازاری پشت دوای خەوێکی زۆر جیاواز بێت بۆ نموونە لە ئەنجامی خەوتن لەسەر دۆشەکێکی کوالیتی خراپ بێت یان بە شێوەیەکی هەڵە بخەویت، لەم کاتەنەشدا لەوانەیە لە کاتی بەئاگابوونەوەدا تووشی ئازاری پشت بیت، چونکە بڕبڕەی پشتت پشوویەکی پێویستی وەرنەگرتووە.