مردن لەم گوندە قەدەغەیە

PM:02:30:01/08/2025

13284 جار خوێندراوەتەوە

قەیرانی گۆڕستان لە گوندی لانجارۆنی ئیسپانیا لە پارێزگای گرانادا، بووە بە چیرۆکێکی ناوازە، دوای ئەوەی خۆسێ ڕوبیو سەرۆکی پێشووی شارەوانی لە ساڵی ١٩٩٩ یاسایەکی بێ وێنەی دەرکرد و مردنی خەڵکی گوندەکەی قەدەغە کرد.

ئەم بڕیارە سەرسوڕهێنەرە دوای چەندین ساڵ لە ململانێی شارۆچکەکە لەگەڵ نەبوونی شوێنی ناشتن بووە، چونکە گۆرستان و شوێنی نوێ بۆ ناشتنی مردووەکان نەبووە، ڕوبیو لە ڕێگەی ئەم هەنگاوە هەوڵیداوە سەرنجی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بۆ کێشەکەیان ڕابکێشێت.

فەرمانەکە کە سەرنجی میدیاکانی بەلای خۆیدا راکێشا، داوای لە هاوڵاتیان کردووە "لەڕادەبەدەر ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن و نەمرن تا شارەوانی پارچە زەوییەکی نوێی ناشتنیان بۆ دابین دەکات"، لەکاتێکدا بەڕوونی ڕایگەیاندووە "ئێستا مردن لە لانجارۆن قەدەغەیە".

دواتر ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارەکە ڕێوشوێنێکی ڕەمزییە کە مەبەست لێی فشارخستنە سەر بەرپرسەکانە و وتی "من تەنها سەرۆکی شارەوانیم و بڕیاری مردنیش لە دەستی خودادایە". ئاماژەی بەوە کرد کە یاساکە تەنها نمایشێکی سیاسی بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی ڕاستەقینە.

لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا ئەم فەرمانە نائاساییە بووەتە بەشێک لە ناسنامەی ئەو گوندەی کە نزیکەی ٤ هەزار کەسی تێدایە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ سزایەک بۆ ئەمە تۆمار نەکراوە، بەڵام ئەو فەرمانە سەرکەوتوو بوو لە ڕاکێشانی سەرنجی میدیاکان و دەسەڵاتداران.

لە کۆتاییدا، شارەوانی گرانادا ڕێگەی دا گۆرستانێکی نوێ دروست بکات، بەڵام یاسای "قەدەغەکردنی مردن" تا ئێستاش لە کتێبی یاساکانی لانجاریا ماوەتەوە وەک یاسایەکی ڕەمزی.

جێگای سەرنجە ئەم گوندە ئیسپانییە تاکە نموونە نییە لە جیهاندا، بەڵکو لە چەند شارۆچکەیەکی نەرویج، ئیتاڵیا، فەڕەنسا قەدەغەی هاوشێوەیان راگەیاندووە.