لە رووداوێکی ترسناکدا مارێکی گەورە چووەتە گەرماوێکەوە

AM:10:42:31/07/2025

11992 جار خوێندراوەتەوە

دانیشتوویەکی شاری دێری لە ویلایەتی نیو هامپشایری ئەمریکا دوای دۆزینەوەی مارێکی درێژی ١.٥ مەتر لە گەرماوی شوقەکەیدا پەیوەندی بە پۆلیسەوە کرد.

پۆلیسی دێری لە بڵاوکراوەیەکی فەسیبووکدا رایگەیاند کە مارێکی گەورە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو چووەتە گەرماوی ماڵێکەوە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەلای ئەندامانی خێزانەکە دروست کردووە.

ئەم رووداوەش دەنگدانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دروست کرد، کە هەم کۆمێنتی کۆمیدی و هەم پرسیار لەسەر چۆنیەتی چوونی مارەکە بۆ شوقەکە دەکرد، هەندێک سەرسوڕمانیان دەربڕی کە لەوانەیە لە ڕێگەی ئاوەڕۆکانەوە هاتبێتە ژوورەوە.

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ڤێرن تۆماس، بەرپرسی پۆلیسی دێری، رایگەیاند " تا ئێستا هۆکاری چوونە ژوورەوەی مارەکە بۆ ناو شوقەکە دیار نییە، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەوەیە کە ئەندامانی خێزانەکە سەلامەتن"

هەرچەندە ئەم جۆرە ڕووداوانە دەگمەنن، بەڵام لەم دواییانەدا حاڵەتی هاوشێوە لە ناوچەکانی دیکەدا تۆمارکراوە، وەک ئوسترالیا و ویلایەتی کارۆلینای باشووری ئەمریکا کە مار لە گەرماوەکاندا دۆزراوەتەوە و بە سەلامەتی مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.