میران عەلی دوێتێک لەگەڵ ئەردەڵان بەكر بڵاودەکاتەوە

PM:02:01:29/07/2025

34624 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی گۆرانیبێژ میران عەلی بە زیرەکی دەستکرد دوێتێک لەگەڵ هونەرمەندی كۆچكردوو ئەردەڵان بەكر بڵاودەکاتەوە.

میران عەلی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاند " سوپاس بۆ زیرەکی دەسکرد کە ئەو هەلەی پێدام، لەگەڵ گەورە هونەرمەندی کوردستان ئەردەڵان بەکر کارێکی هاوبەشم هەبێ ، سوپاس بۆ ڕێگەپێدانی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو، ئەم گۆرانیە کە ناوی (وای لە تۆ دونیایە) یە، خۆم بە دڵ و بە گیان نوسیومە و ئاوازم بۆ دروستکردوە دڵنیام بەدڵی هەموتان ئەبێ و دەبێتە بەرهەمێکیتر لەوبەرهەمانەمان کە هەمیشە بەزیندویی دەمێنێتەوە ، سوپاس بۆ کاک دیار دلاوەر و کاک دەوەن ستار و کاک زرنگ مەهدی و کاک وەلید جاف "

بڕیارە لە بەرواری ٥/٨/٢٠٢٥ لە چەناڵی یوتیوبی هونەرمەند خۆی لە کاتژمێر ٢٠:٠٠ بڵاوببێتەوە.

ئەردەڵان بەكر یەکێکە لە هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان، لە پاییزی ساڵی ١٩٦٧ لە شاری ھەولێر لەدایکبووە، خاوەنی چەندین بەرھەمی هونەرییە، گۆرانییەکانی ژمارەیەکی زۆر بینەریان هەیە، لە ڕێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩دا بەھۆی نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دواییی کرد. دواتر تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ ھەولێر و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد نێژرا.

میران عەلی لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٥ـە، خەڵکی شاری سلێمانییە، سەرەتای کاری هونەریی دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردنی لە پڕۆگرامی "خۆشترین دەنگ"ی کەناڵیNRT2، چەندین کلیپی تایبەت بە خۆی هەیە لەگەڵ کلیپی دوێت، خاوەنی هەوادارێکی زۆرە.