توێژینەوەیەکی ئەم دواییە تیشکی خستۆتە سەر ئەو
باوەڕە بەربڵاوەی کە خواردنی هێلکە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات
بە بەرزکردنەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە کە ئەنجامەکانی لە گۆڤاری
" The American Journal of Clinical
Nutrition " بڵاوکراوەتەوە، ئەو
کەسانەی بەشدارییان لە تاقیکردنەوە پزیشکێکەدا کردووە و ڕۆژانە دوو هێلکەیان
خواردووە، ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخشی"LDL"یان کەمبووەتەوە، بەڵام بەمەرجێک کە
باقی خۆراکەکانی دیکەیان ڕێژەی چەوری تێر کەم بێت.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوە چەورییە
تێرەکانە لە خۆراکدا کە ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش بەرزدەکەنەوە نەک ئەو کۆلیسترۆڵەی
کە لە هێلکەدا هەیە.
پرۆفیسۆر جۆن باکلی، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە
لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، "بە شێوەیەکی گومان بەڵگەمان لە
بەرژەوەندی هێلکەدا خستووەتەڕوو، هێلکە خۆراکێکی ناوازەیە، ڕێژەی کۆلیسترۆڵی زۆرە
بەڵام چەوری تێر کەمی تێدایە"
توێژینەوە نوێیەکە ٦١ کەسی تێدا بەشداری کردووە
کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٦٠ ساڵدایە و تێکڕای ئاستی کۆلیسترۆڵی LDL ١٠٥ بووە، جێگەی باسە ئاستی LDL لە سەرووی ١٠٠ بە مەترسی بۆ نەخۆشییەکانی
دڵ دادەنرێت، ئەم جۆرە کۆلیسترۆڵە دەتوانێت خوێنبەرەکان دابخات و ببێتە هۆی جەڵتەی
دڵ یان جەڵتەی مێشک
بەشداربووانی توێژینەوەکە سێ ڕێجیمیان بە یەکەوە
پەیڕەو کردووە کە هەریەکەیان پێنج هەفتەی خایاندووە، بەم شێوەیە:
- ڕێجیمێکی کۆلیسترۆڵی بەرز و کەم چەوری تێر، کە ڕۆژانە دوو هێلکە لەخۆدەگرت.
- ڕێجیمێکی کەم کۆلیسترۆڵ و چەوری تێر زۆر، کە هیچ هێلکەیەکی تێدا نەبوو.
- ڕێجیمێکی کۆلیسترۆڵی زۆر و چەوری تێر زۆر، کە لە هەفتەیەکدا تەنها یەک
هێلکەی تێدابوو.
چل و هەشت بەشداربوو هەر سێ قۆناغی ڕێجیمەکەیان
تەواو کرد، و دوای هەر قۆناغێک نمونەی خوێن وەرگیرا بۆ دیاریکردنی کاریگەری ڕێجیمەکە
لەسەر ئاستی کۆلیسترۆڵی LDL
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئاستی کۆلیسترۆڵی LDL لەگەڵ ڕێجیمی دوو هێلکە لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە،
بە بەراورد بە دوو ڕێجیمەکەی تر، تێکڕای ئاستی کۆتایی LDL بۆ ئەم کەسانە کەمتر بووە لە ١٠٤، لە کاتێکدا لە دوو شێوازەکەی دیکە
١٠٨ و ١٠٩ بووە.
باکلی لەبارەی ئەنجامی توێژینەوەکە دەڵێت، لەم
توێژینەوەیەدا کاریگەرییەکانی کۆلیسترۆڵ و چەوری تێرمان جیاکردەوە، بۆمان دەرکەوت
کە کۆلیسترۆڵ لە هێلکەدا، کاتێک وەک بەشێک لە ڕێجیمێکی کەم چەوری تێر دەخورێت،
ئاستی کۆلیسترۆڵی LDL بەرز
ناکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە چەوری تێر هۆکاری ڕاستەقینەی بەرزکردنەوەی کۆلیسترۆڵ
بووە.
توێژینەوەکە ڕایگەیاندووە کە هەر یەک گرام زیادبوونی
چەوری تێر پەیوەندی بە زیادبوونی کۆلیسترۆڵی LDL بە ڕێژەی 0.35 خاڵ هەیە.