ئەگەرچی لەئێستادا لە زۆرینەی
وڵاتانی جیهان خەڵک لەسەر سیسەم دەخەون بەڵام لەوانەیە لە ماڵەکانی خەڵکی ژاپۆندا
هیچ سیسەمێک نەدۆزیتەوە و زۆرینەیان لەسەرزەوی دەخەون.
ماڵپەڕی برایتسایدی روسی لەوبارەیەوە
نوسیوویەتی، ژاپۆنییەکان جگە لە پەیڕەو کردنی نەریتی وڵاتەکەیان، بە چەندین هۆکاری
تەندروستی لەسەر زەوی دەخەون، لەڕاستیدا توێژینەوەکان دەریانخستووە خەوتن لەسەر
زەوی کۆمەڵێک سوودی تەندروستی بۆ جەستە هەیە، لەوانەش:
یەکەم: ئازاری پشت کەم دەکاتەوە
خەوتن لە شوێنێکی تا رادەیەک رەق و
تەخت بەسوودە بۆ پشت ئەگەری هەیە ئازاری پشت کەمبکاتەوە، بێگومان خەوتن لەسەر
سیسەم ئاسوودەترە بەڵام دۆشەکی سیسەمەکە پاش ماوەیەک قووڵ دەبێت و بەمجۆرە زەخت
دێتە سەر بڕبڕەی پشت.
دووەم: دەتوانێت فۆرمی جەستە
بپارێزێت
ئەگەر لە کاتی خەودا جەستەتان لە
دۆخێکی باشدا جێگیر بێت و بڕبڕەی پشتتان پاڵپشتێکی باشی هەبێت، لە ماوەی رۆژدا
دەتوانن پشتتان رێک رابگرن، خەوتن لەسەر زەوی فۆرمی جەستە دەپارێزێت چونکە کاتێک
پشت ئازار نەبینێت، ئیتر پێویست نییە پشتتان بچەمێننەوە.
سێیەم: سوودی بۆ سیستمی سووڕی خوێن
هەیە
کاتێک لەسەر زەوی دەخەون، کێشتان
بەشێوەی رێک و تەواو بەسەر ئەو جێگەیەدا کە لێی خەوتوون بڵاو دەبێتەوە، بەمجۆرە
زەختێکی کەمتر دێتە سەر بەشە جۆراوجۆرەکانی جەستە، لەو حاڵەتەدا خوێن بە ئاسانی
دەتوانێت بە هەموو بەشەکان بگات.
چوارەم: لە کاتێکی گونجاودا لە خەو
هەڵدەستن
ئەگەر وا هەست دەکەن بەیانیان بە
ئەستەمی لە سیسەمەکەتان دێنە دەرەوە، بزانن کە تەنها نین و زۆر کەس ئەم کێشەیەیان
هەیە، کاتێک لەسەر زەوی دەخەون چونکە جێگەکەتان زۆر نەرم و ئاسوودە نییە، ئاسانتر
واز لە خەو دێنن و هەڵدەستن.
پێنجەم: لەباری ئابوورییەوە
گونجاوترە
خەوتن لەسەر زەوی سوودی بۆ
گیرفانیشتان هەیە، بۆ کڕینی دۆشەک و سیسەم دەبێت پارەیەکی زۆر سەرف بکەن، بەڵام
خەوتن لەسەر زەوی جگە لە سوودە تەندوستییەکانی، سوودی ئابووریشی هەیە.