پێنج شت پێویست ناکات هەرگیز داوای لێبووردنی لەسەر بکەیت

PM:01:58:19/07/2025

19596 جار خوێندراوەتەوە

داوای لێبووردن هەموو کات گەورەییە و پێویستە لە زۆر کاتدا داوای لێبووردن بکرێت کاتێك شتێکی هەڵە یان ئازاربەخش بەرامبەر بە کەسێك دەکەیت، بەڵام هەندێك حاڵەت هەن کە داوای لێبوودنیان ناوێت و باشتروایە نەکرێت لەو حاڵەتانەدا.

ماڵپەڕی "greatest" لە بابەتێکدا ئاماژەی بە پێنج لەو حاڵەتانە کردووە کە پێویست ناکات تێیدا داوای لێبووردن بکرێت و بریتین لەمانە:

هەستەکانت:

کاتێك باس لە هەستەکانت دەکەیت پێویست ناکات داوای لێبووردن بکەیت بەهۆی ئەوەی کە هەستەکانت دەربڕیوە، دەکرێت بەشێوەیەکی ئەرێنی یان بە نەرێنی دەرت بڕیبێت، بەڵام ئەمە لە دەستی خۆتدا نەبووە بۆیە داوای لێبووردنی ناوێت.

شێوەی قژ و جلوبەرگت:

هەرگیز داوای لێبووردن مەکە لەسەر شێوە و جلوبەرگت، تۆ ئازادیت لەوەی دەتەوێت چۆن دەربکەویت، کاتێکیش لەو رووەوە رەخنەی رووخێنەرت لێدەگیرێت هەرگیز شەرمەزار مەبە و قبوڵی مەکە.

سنوری تایبەت بە خۆت:

هەموو کەس پێویستیی بە سنور و کاتی تایبەت بە خۆیەتی و هیچ کەسێك مافی ئەوەی نییە تووڕە ببێت لەبەر ئەوەی کاتی خۆت وەردەگریت و دەتەوێت بەتەنها بیت یان شتێك بکەیت دوور لەوان، بۆ ئەمەش پێویست ناکات داوای لێبووردن بکەیت.

رەفتاری کەسانی دیکە:

هیچ کات بەهۆی رەفتاری کەسانی دیکەوە داوای لێبووردن مەکە، چونکە تۆ بەرپرسیار نیت لە رەفتاری هیچ کەسێك.

وەڵام نەدانەوەی نامە و تەلەفۆن:

ئەگەر نەتتوانی بە راستەوخۆ وەڵامی تەلەفۆنێك یان نامەیەك بدەیتەوە بە هەر هۆکارێك بێت پێویست ناکات داوای لێبووردن بکەیت ئەگەر حاڵەتەکە بەپەلە و پێویست نەبووایە.