لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا شتێکی ئاساییە کە تاڵی
سپی لە قژدا دەربکەوێت، بەڵام بەشێک لە خەڵکی لە تەمەنێکی کەمدا دووچاری ئەو حاڵەتە
دەبن، هۆکارەکەشی لەوانەیە بەهۆی بۆماوەییەوە یان باری دەروونی یان هەندێک هۆکاری
ترەوە بێت.
دکتۆر دیپالی میسراشارپ پزیشکی گشتی بە ماڵپەڕی "Daily
Mirror" راگەیاند، بە زۆری سپیبوونی قژ سەرەتا
لە بەشی پێشەوەی قژ دەردەکەوێت و دواتر بۆ پشتی سەر بڵاودەبێتەوە، ئەم حاڵەتەش هەندێک
کەس لە تەمەنی بیستەکاندا تووشی دەبێت، هەندێکی دیکەش تا تەمەنی پەنجاکانیش قژی
سپی نابێت.
ئەو پسپۆرە ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکارەکانی پێشوەختەی
سپیبوونی قژ بریتین لە جگەرەکێشان، کەمی خۆراکی وەک ڤیتامین B12 و ئاسن، تێکچوونی غودەی دەرەقی و نەخۆشیەکانی بەرگری خۆکار.
باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر تاڵی سپی لە پڕ یان لە
تەمەنێکی زوودا دەرکەوت، ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت، بەڵام بەزۆری بەشێکی سروشتی پیربوونە.
میسراشارپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیڕەوکردنی خۆراکی
هاوسەنگ کە ڤیتامین و کانزاکانی وەک ئاسن و زینک و پرۆتینی تێدایە یارمەتیدەرە بۆ
پاراستنی قژێکی تەندروست هەروەها یارمەتیدەرە لە دواخستن و رێگریکردن لە سپیبوونی
قژ.
لەگەڵ ئەوەشدا پێشنیاری وازهێنان لە جگەرەکێشان،
کۆنترۆڵکردنی ئاستی فشار، دوورکەوتنەوە لە بۆیەکردنی قژ.
ئەوەشی روونکردەوە کە ڕەنگی سروشتی قژ کاریگەری
لەسەر زوو سپیبوونی قژ هەیە و باس لەوە دەکات کە ڕوونیتر و خێراتر لەسەر قژی ڕەش و
تۆخ دەردەکەوێت وەک لە قژی کاڵ.