توێژەرانی زانکۆی تافتس ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندییەکی
بەهێز لە نێوان کەمی ڤیتامین K و تەندروستی
مێشکدا هەیە.
ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری "Nutrition" بڵاوکراوەتەوە، ڕێگایەکی نوێ دەکاتەوە
بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن خۆراک کاریگەری لەسەر تەندروستی مێشک هەیە.
توێژەران دوای شەش مانگ لە توێژینەوە بۆیان دەرکەوتووە
کە کەمی ڤیتامین K دەبێتە هۆی زنجیرەیەک گۆڕانکاری نەرێنی لە مێشکدا،
بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کێشەی کەمی ڤیتامین K یان هەیە دابەزینی بەرچاویان
لە تواناکانی فێربوون و بیرەوەریدا بینیوە بە بەراورد بە هاوتەمەنەکانیان کە بڕێکی
پێویستیان وەرگرتووە.
سەرەتا تاقیکردنەوەکان لەسەر مشک ئەنجامدراوە، ئەنجامەکان
دەریانخستووە ئەو مشکانەی کەمی ڤیتامین K یان هەبووە لە تاقیکردنەوەکانی ناسینەوەی شتە نوێیەکاندا
سەرکەووتوو نەبوون.
لە کاتی پشکنینی شانەکانی مێشکدا، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە
کەمی ڤیتامین K هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی دروستبوونی
دەمارە نوێیەکان لە هیپۆکامپوس، ئەو ناوچەیەی مێشک کە بەرپرسە لە بیرەوەری و فێربوون،
هەروەها زیادبوونی هەوکردنی دەمارەکان کە بە شێوەیەکی باو پەیوەندی بە نەخۆشییەکانی
تێکچوونی دەمارەکانەوە هەیە.
دکتۆر سارابووس نوسەری سەرەکی توێژینەوەکە رایگەیاند
" ئەم دۆزینەوانە گرنگی خۆراکی هاوسەنگ بەهێز دەکەن، تیمەکە لە ئێستادا کار لەسەر
تێگەیشتن لەو میکانیزمە وردانە دەکەن کە ڤیتامین K چۆن کاریگەری لەسەر تەندروستی مێشک دەبێت، ئەمەش ڕەنگە ڕێگە خۆش
بکات بۆ پەرەپێدانی ستراتیژی نوێ بۆ پاراستنی تەندروستی مێشک بە تایبەت لەگەڵ
هەڵکشانی تەمەندا"
جێگەی باسە ڤیتامین K لە سەوزە گەڵادارەکانی وەک سپێناخ، برۆکلی ، نۆکی سەوزدا زۆرە.