لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا، زۆر
کەس ڕوو لە خواردنەوەی ئاوی سارد دەکەن وەک ڕێگەیەک بۆ ساربوونەوەی جەستەیان بەڵام
شارەزایانی تەندروستی پێیان وایە ئاوی گەرم بژاردەیەکی تەندروستتر بێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی " onlymyhealth" خواردنەوەی ئاوی گەرم نەک تەنها جەستە شێدار دەکاتەوە بەڵکو
هەرسکردن باشتر دەکات، کارکردنی جگەر و گورچیلە باشتر دەکات، جەستە لە ژەهرەکان
پاکدەکاتەوە.
ئاوی گەرم یارمەتی فراوانکردنی خوێنبەرەکان دەدات، ئەمەش
ڕۆیشتنی خوێن باشتر دەکات لەبەرامبەردا ئاوی سارد دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان
و سووڕی خوێن خاو دەکاتەوە.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن ئاوی گەرم دەبێتە هۆی زیاتر
ئارەقکردنەوە و میزکردنیش ئەمەش دوو میکانیزمی سروشتی گرنگن بۆ پاککردنەوەی جەستە
لە ژەهرەکان.
ئاوی گەرم یارمەتی پاراستنی پلەی گەرمی گەدە دەدات و
ئاسانکاری بۆ هەرسکردن دەکات و چالاکی ئەنزیمەکانی هەرس بەرز دەکاتەوە هەروەها ئاوی
گەرم وردە وردە و بەردەوام جەستە شێدار دەکاتەوە لە کاتێکدا ئاوی سارد تەنها بۆ
ماوەیەکی کاتی جەستە شێدار دەکاتەوە.
خواردنەوەی ئاوی گەرم یارمەتی سەقامگیرکردنی پلەی گەرمی
ناوەوەی جەستەت دەدات، ئەمەش هەستکردن بە ماندوێتی کەمدەکاتەوە.
سەرەڕای سوودە تەندروستییە زۆرەکانی، پزیشکان ئامۆژگاری
هەندێک گروپ دەکەن، وەک ئەوانەی نەخۆشی سورێنچکیان هەیە یان ئەوانەی هەستیاری گەرمییان
هەیە، پێش ئەوەی ئاوی گەرم بخەنە ناو ڕۆتینی ڕۆژانەیانەوە ڕاوێژ بە پزیشک بکەن.
شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پلەی گەرمی ئاوەکە لە
نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ پلەی سەدیدا بێت، هەروەها باشتر وایە بەیانی زوو یان نزیکەی نیو
کاتژمێر پێش ژەمەکان بخورێت بۆ ئەوەی زۆرترین سوود بەدەست بهێنرێت.
هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم بابەتە هێشتا بەردەوامن،
بەڵام تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنەوەی ئاوی گەرم بە بەردەوامی
ڕەنگە جووڵە باشتر بکات، ئاوسانی سک کەم بکاتەوە و بەشداربێت لە باشترکردنی تەندروستی
بە شێوەیەکی گشتی.