کاریگەرییەکانی سۆشیال میدیا لەسەر تەندروستی دەروونی

PM:03:29:05/04/2025

1268 جار خوێندراوەتەوە

دەروونناسان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی دروست دەکات.

دەروونناس گالینا گوبانۆڤا پێشنیاری ئەوە دەکات کە بەکارهێنانی سۆشیال میدیاکان سنووردار بکرێت چونکە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی دروست دەکات کە رەنگە بەشداربێت بۆ تووشبوون بە خەمۆکی.

ئەو دەڵێت " سۆشیال میدیاکان دەبنە هۆی کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون لەگەڵ ئەوەشدا کەسەکە ژیانی خۆی بەراورد بە کەسانی دیکە دەکات ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروون دروست دەکات، کەسەکە تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ دەبێت"

کاتێک ژیانی خۆت بەراورد بە کەسانی دیکە دەکەیت دەبێتە هۆی هەستکردن بە ئازار و ئیرەیی، بیرکردنەوە نەرێنییەکان بەهێزتر دەکات.

ئامانجی سەرەکی هەندێک کەس ئەوەیە کە سەرکەوتنەکانی خۆیان لە ژیاندا نمایش بکەن بۆ ئەوەی هەمووان بیبینن، بەڵام بڵاوکردنەوەی هەموو بابەتەکان دەتوانێت لێکەوتەی نەرێنی بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ئاماژەی بەوەش کرد " هەرچەندە مرۆڤ زیاتر سۆشیال میدیاکان بەکاربهێنێت کەمتر گرنگی بەو شتانە دەدات کە لە دەوروبەریدا ڕوودەدەن، بە شێوەیەک بەشێک لە بەکارهێنەران ژیانی ناو سۆشیال میدیاکانی لەلا گرنگترە لە جیهانی ڕاستەقینە"

سۆشیال میدیا ئەگەر بە باشی و بێ زیادەڕۆیکردن بەکاربهیندرێت ئەوا دەرفەت بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت کە بەشداری چالاکییە ڕاستەقینەکان بکەن و زانیاری بەدەستبهێنن و پەرە بە بەهرەکانیان بدەن و هەست بە دڵخۆشی بکەن.

زیادەڕۆکردن لە سەیرکردنی کورتە ڤیدیۆ دەبێتە هۆی دەردانی ماددەی دۆپامین بۆ ماوەیەکی کورت کە ئالوودەبوونە،بەم شێوەیەش ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی زیاد دەکات.

جگە لەوەش خوێندنەوەی درێژخایەن و بێ کۆنترۆڵ بۆ هەواڵە ناخۆشەکان دەبێتە هۆی فشار و دڵەڕاوکێ.

ئەو پسپۆرە پێشنیاری کەمکردنەوەی کاتەکانی بەسەربردنی سۆشیال میدیا دەکات، ڕەنگە سەرەتا ئەمە قورس بێت بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە خوویەکی باش و تەندروست.