میدیاکانی ڕووسیا
بڵاویانکردووەتەوە، پسپۆڕانی ئەو وڵاتە کار لەسەر پەرەپێدانی وەشانی نوێ و دیزاینێکی
جیاواز لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی ئەتۆم دەکەن کە ساڵی ڕابردوو ڕاگەیەندراوە.
بەپێی زانیارییە
بەردەستەکان، پسپۆڕانی نوسینگەی دیزاینی "Ever Evo"ی
ڕووسی دیزاینێکی تەواو نوێیان بۆ ئۆتۆمبێلەکە دروستکردووە.
خاوەنی سندوقێکی
سەقفی دانراوە بۆ گواستنەوەی جانتای گەورە، هەروەها دەتوانرێت کورسییەکانی بچەمێنرێتەوە
بۆ خوارەوە بۆ ئەوەی کابینەکە بگۆڕێت بۆ شوێنێکی ئارام بۆ خەوتن، لەگەڵ ئەوەش ئۆتۆمبێلەکە مێزێکی بچووک و حەوزێکی بچووکی قاپ
و شوێنی ئاوی تێدایە.
لیۆنید موکیڤ، بەڕێوەبەری
" Ever Evo" رایگەیاند " لەو
کاتەوەی بۆ یەکەمجار ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی مارکەی ئەتۆم ڕاگەیاند ویستمان وەشانێکی
تەواو جیاواز دروست بکەین و بەو شێوەیەش ئەنجاماندا، پێمان وایە ئۆتۆمبێلە نوێیەکە
لە ڕووسیا زۆر بەناوبانگ دەبێت"
میدیاکانی ڕووسیا
ساڵی ڕابردوو ڕایانگەیاندبوو کە ئۆتۆمبێلی کارەبایی ئەتۆم لە ماوەی ٨ چرکەدا دەتوانێت
خێراییەکەی لە ٠ بۆ ١٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەرزبکاتەوە.