پیاوێک ڕووبەڕووی ورچێکی دڕندە دەبێتەوە

PM:01:42:26/03/2025

2808 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕووداوێکی ترسناکدا پیاوێک ڕووبەڕووی ورچێکی دڕندە دەبێتەوە بەڵام بە بەکارهێنانی تەقەمەنی بەرگری لە خۆی دەکات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی، پیاوێک ناچار بوو بە بەکارهێنانی تەقەمەنی بەرگری لە خۆی بکات و رووبەرووی هێرشی ورچێکی دڕندە ببێتەوە، ڕووداوەکە لە شاری زیلینای پایتەختی سلۆڤاکیا ڕوویداوە و لە ڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە کە لە دارستانەکەدا دانراوە.

لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتووە ئەو پیاوە بە ناوی پیتەر لە کەشێکی ئارامدا لەگەڵ سەگەکەی بە پیاسە دەروات بەڵام لەناکاو ورچێکی دڕندە هێرش دەکاتە سەری.

پیاوەکە سەرەتا هەوڵیدا بە سپرای ورچەکە بترسێنێت ئەمەش وایکرد بۆ چەند ساتێک ورچەکە پاشەکشە بکات، بەڵام زۆری نەخایاند و دووبارە هێرشی کردەوە سەری، لەو کاتەدا پیتەر هیچ بژاردەیەکی نەبوو جگە لەوەی بەو تەقەمەنییەی کە هەڵیگرتبوو بۆ پاککردنەوەی چیمەنەکە بیدات لەسەری ورچەکە ئەمەش ناچاریکرد هەڵبێت.

دواتر پیتەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پێی وایە ورچەکە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا بریندار بووە، ئەمەش زیاتر شەڕانگێزتری دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، چەند جارێک لە دارستانەکەدا تووشی ئەم جۆرە ورچە بووە و وێنەی گرتووە، بەڵام پێشتر وەک ئەم شێوەیە تووشی دۆخێکی ئاوا مەترسیدار نەبووە.

پیتەر وردەکارییەکانی ڕووداوەکەی گێڕایەوە و دەڵێت "وەک هەمیشە بەپێ دەڕۆیشتم، کاتێک ورچێکی مێینەم بینی کە سێ بەچکەی بچووک و بەچکەیەکی گەورەی لەگەڵدا بوو، هەوڵمدا بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکەم بەڵام ئەوە نەبووە هۆی ئەوەی ڕێگری لێبکەم و لەناکاو هێرشی کردە سەرم، منیش لە پشت دارێکەوە خۆم شاردەوە ئەگەر تەقەمەنی نەبوایە ئێستا مردبووم."