گەنجێک دوای ئەوەی دوو هەزار سکوات ئەنجام دەدات تووشی لەکارکەوتنی گورچیلە دەبێت

PM:01:19:26/03/2025

3112 جار خوێندراوەتەوە

گەنجێکی ڕووسی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری لەکارکەوتنی گورچیلەکانی وەرگرت دوای ئەوەی دوو هەزار سکواتی ئەنجامدا بۆ ئەوەی گرەوێک لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بباتەوە.

بەپێی ماڵپەڕی "oddity central"، پزیشکانی بەشی گورچیلە لە نەخۆشخانەیەکی ڕووسیا حاڵەتێکی نائاسایی گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵیان راگەیاند کە بەهۆی ئەنجامدانی دوو هەزار سکواتەوە تووشی لەکارکەوتنی گورچیلە بووە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکە.

نەخۆشەکە بە پزیشکەکانی وتووە کە کێشەکانی دوای ئەوەی دەستیپێکردووە کە گرەوێکی لەگەڵ هاوڕێیەکی کردووە بۆ ئەوەی لە ماوەی دیاریکراودا ٢٠٠٠ سکوات ئەنجام بدات، بەڵام دوای تەواوکردنی چالێنجەکە هەستی بە دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی جیاواز کردووە لەسەر جەستەی.

ئەو حاڵەتە پزیشکییەی ئەو تووشی بووە دۆخێکی مەترسیدار بووە چونکە دەبێتە هۆی تێکچوونی شانەکانی ماسولکەکان، ئەگەر چارەسەر نەکرێت لەوانەیە ببێتە هۆی لەکارکەوتنی تەواوەتی گورچیلە و کێشەی دڵ و تەنانەت مردنیش، لەم حاڵەتە تایبەتەدا ماسولکەکانی قاچی پیاوەکە لە ئەنجامی هەوڵی جەستەیی چڕ دەستی بە تێکچوون کردووە، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی کریاتینین و یوریا، لە پشکنینەکەیدا دەرکەوتووە گورچیلەکانی تەنها بە ڕێژەی ٥٠%ی توانای خۆیان کاردەکەن.

جێگەی باسە پزیشکەکان توانیان چارەسەری ئەو گەنجە بکەن، بەڵام باسیان لەوە کردووە ئەو گەنجە پێویستی بە کات هەیە تا ئەو زیانانەی بەر گورچیلەی کەوتووە کاریگەرییەکەی نەمێنێت چونکە کارکردنی گورچیلەکانی هێشتا لاوازە و پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەری درێژخایەن هەیە کە ڕەنگە لە نێوان سێ مانگ بۆ ساڵێک بخایەنێت.

نەخۆشخانەکە لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری داوە لە زیادەڕەوی کردن لە وەرزشکردن و ڕایگەیاندووە " هێز تەنها لە دەستکەوتە جەستەییەکاندا نییە، هەرچەندە وەرزشکردن سوودی هەیە بۆ تەندروستی بە گشتی، بەڵام ئەگەر کەسێک زیادەڕۆی بکات ئەگەری هەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر دروست بکات"