دڵتەنگی
بەردەوام و فشارەکانی ژیان لە هەندێک لە گەلاندا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز کە هەوڵی
چارەسەرکردنی دەدەن بە شێوەیەکی توند و سەیر، ئەویش ئەزموون کردنی مردنە بۆ ئەوەی
ئارەزووی ژیانیان بەدەستبهێننەوە.
لە بابەتێکی
ماڵپەڕی " RT
Arabic"
دا، شارەزایان باس لە زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ئەو کەسانە دەکەن کە بەدەست تێکچوونی
دەروونییەوە دەناڵێنن لە سەرانسەری جیهاندا، بەتایبەتی لە وڵاتە پیشەسازییە گەورەکاندا
کە یاسای کاری توندیان هەیە، ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە ٢٦٤
ملیۆن کەس تووشی خەمۆکی بوون.
ڕێچکە ئاسایی و
کلاسیکەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خەمۆکی بریتین لە سەردانی پزیشکی دەروونی و خواردنی
دەرمانی تایبەتی هێورکەرەوە و پەیڕەوکردنی خۆراکی تەندروست و پشوودانی بەردەوام.
وەرگرتنی چارەسەری
دەروونی تایبەتمەند یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی خەمۆکی و ناڕەحەتی دەروونی و گەڕاندنەوەی
هەستکردن بە دڵخۆشی و تامەزرۆیی بۆ ژیان، لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی چارەسەرکردنێکی
نوێ سەریهەڵداوە بۆ ئەو کەسانەی خەمۆکییان گەیشتووەتە خاڵێکی توند بە شێوەیەک کە
ئارەزووی ژیانکردنیان نەماوە.
چارەسەری "
ئەزموون کردنی مردن" دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکی توند بۆ
ئەوەی دووبارە ئارەزووی ژیان کردن بکەنەوە.
ئەم شێوازی
چارەسەرکردنە لە کۆریای باشووردا بەربڵاو بووە، کە زۆربەی دانیشتوانی تەمەنی
کارکردن بەدەست سترێس و ماندوێتییەکی زۆرەوە دەناڵێنن ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی
بەرچاوی خەمۆکی و خۆکوشتن.
جێگای سەرنجە کە
ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی کۆریای باشوور دەستیان کرد بە پێشکەشکردنی چارەسەری
" ئەزموون کردنی مردن " بۆ کارمەندەکانیان بە مەبەستی چارەسەکردنی خەمۆکی.
چارەسەری "ئەزموون
کردنی مردن" بە وێنەگرتنی بەشداربووان دەست پێدەکات و دواتر کورتەیەک لەبارەی
خۆکوشتنەوە باس دەکرێت، پاشان پیاوێک کە جلوبەرگێکی تایبەتی لەبەردایە بەرەو هۆڵی
پرسە دەیبات، لەوێ کەسەکە جلوبەرگی پرسەی نەریتی کۆریای باشوور لەبەر دەکات و وەسیەتنامەیەک
دەنووسێت و بە دەنگی بەرز دەیخوێنێتەوە، دوای تەواوکردنی ئەم ڕێوڕەسمە، بەشداربووان
لەناو تابوتەکاندا پاڵدەکەون بۆ ماوەی ١٠ خولەک.
کاردانەوەی بەشداربووان
جیاوازە، هەندێک کەس لەڕادەبەدەر دەترسن و ڕەتیدەکەنەوە بچنە ناو تابوتەکەوە و تێیدا
پاڵ بکەون، هەندێکی تریش تا کۆتایی بەو ئەزموونەدا تێدەپەڕن و لەناو تابوتەکەیاندا
پاڵدەکەون و لە ناوەوە ئارامدەگرن.
زۆربەی ئەو کەسانەی
کە چارەسەری مردنی ساختەیان تاقیکردووەتەوە دەڵێن ئەو ئەزموونە وایکردووە وزەیان هەبێت
و زیندووتر بن و کەمتر خەمۆک بن.
ساڵانە هەزاران
کەس لە کۆریای باشوور ئەو ئەزموونە تاقیدەکەنەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، ئەم
شێوازی چارەسەرە بە هەمان شێوە لە هۆڵەندا و چینیشدا هەیە.
لەمبارەیەوە بۆچوونی
دەروونناسان جیاوازە بەشێکیان ئەمە بە چارەسەرێکی گونجاو دادەنێت بەڵام بەشێکی
دیکەیان دژی ئەم کارەن، دەروونناس ناتالیا شیمچوک پێی وایە کە چارەسەرکردنی خەمۆکی
بە "ناشتن" بێ سوودە و دەڵێت " ئەم جۆرە چارەسەرکردنە بێ سوودە، بەڵێ
ئەو کاتەی دەردەچێت لە تابووتەکە هەست بە دڵخۆشی دەکات بەڵام ئەوە تا کەی بەردەوام
دەبێت؟ سبەی دەچێتە سەر کارەکەی و پێی دەڵێن بۆ نموونە کە لە کارەکەی دووردەخرێتەوە
یان دووبارە رووبەرووی کێشەکانی دەبێتەوە، ئایا بچێت جارێکی تر خۆی بنێژێتەوە؟"
ئەوەشی راگەیاند
" مرۆڤ دەبێت دڵخۆش بێت ئەگەر دڵخۆش نەبێت ئەوە تاوانبارە، ناچارە ئاگاداری خۆی بێت تا ئەو ناڕەحەتییە یان
هەڵە تێگەیشتنە لاببات"