مۆیزان ناسنامەی برا
مردووەکەی بەکارهێناوە تا ببێتە یاریزانێکی پیشەگەر بەڵام ئاشکرا بووە و سزای
گەورە دراوە.
لە وڵاتی بۆلیڤیا یەکێک
لە سەیرترین ئابڕوچونەکانی تۆپی پێ رویداوە دوای ئەوەی دێگۆ هێرنان مۆنتانۆ
مۆیزانی یاریزانی یانەی کۆچابامبای ئەو وڵاتە ناسنامەی برا مردووەکەی بەکارهێناوە
تا ببێتە پیشەگەر و تەنانەت بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆلیڤیاش یاری بکات.
کەناڵەکانی بۆلیڤیا
باسیان لەو بابەتە کردووە و رایانگەیاندووە کە ئەو فێڵەی مۆیزان ئاشكرا بووە و بۆ
ماوەی دوو ساڵ سڕ کراوە لە هەموو وەرزشێک و یانەکەشی بە 33 خاڵ لێشکاندن سزادراوە.
روداوەکە بە شێوەیەک
بووە کە مۆیزان لەژێر ناوی گابرێل کە برا بچووکە مردووەکەی بووە یاری کردووە تا
تەمەنی خۆی ساختە بکات و بچوکی بکاتەوە، لە 20 یاری بۆ یانەکەشی لە ساڵی رابردوودا
هەشت گۆڵی تۆمارکردووە و لە دوو یاری هەڵبژاردەی بۆلیڤیاش بەرامبەر چیلی و ڤەنزوێلا
لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بانگهێشتکراوە بەڵام بەشداری نەکردووە.
دواتر مۆیزان لەبەردەم
دادگا دانی بە تاوانە ساختەکردنەکەیدا ناوە و داوای لێبوردنی کردووە، جگە لەوەش
دوپاتیکردووەتەوە کە یانەکەی ئاگای لەو فیڵە نییە و لە تەمەنی 19 ساڵییەوە ئەو
ساختەکارییەی کردووە و خۆی وەک منداڵێکی 14 ساڵان پیشانداوە.