دزێک گوارەیەک بە بەهای ٧٧٠ هەزار دۆلار دەدزێت و قوتی دەدات

AM:10:52:06/03/2025

9196 جار خوێندراوەتەوە

دزێک لە فرۆشگایەکی ئەمریکا گوارەیەک بە بەهای ٧٧٠ هەزار دۆلار دەدزێت و قوتی دەدات ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ شاردنەوەی بەڵگە و تۆمەتەکان.

لە ماڵپەڕی " FOX6" بڵاو کراوەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی پۆلیسی ناوچەکە، جەیتان لۆڕێنس گیلدەر تەمەن ٣٢ ساڵ لە ٢٦ی شوباتدا چووەتە ناو فرۆشگاکە و توانیویەتی دوو جووت گوارەی ئەڵماس بدزێت کە یەکێکیان بەهای ١٦٠ هەزار دۆلارە و ئەوی دیکەیان بەهای ٧٧٠ هەزار دۆلار بووە لەگەڵ ئەوەشدا ئەڵقەیەکی بە بەهای ٥٨٧ هەزار دۆلار دزیوە.

پۆلیسی ئەمریکا ئەو کەسەی بە تۆمەتی سەرپێچیکردن و دزیکردن دەستگیر کرد بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ئەوە بوو کاتێک بە هۆکاری پزیشکی لە ناوەندی دەستبەسەرکردنەکە پشکنینی بۆ کراوە، بەرپرسان گوارەیان لەناو گەدەیدا دۆزیوەتەوە.

لە ڕاپۆرتی پۆلیسدا هاتووە، ئەو کەسە کە زانیویەتی پۆلیس بە دوایەوەیەتی و دەیگرێت لە ترس و پەشیمانیدا گوارەکەی قووت داوە بۆ ئەوەی تۆمەتەکە لەسەر خۆی لابەرێت، جێگەی باسە پێشینەیەکی تاوانکاری درێژخایەنی هەیە، پێشتر تۆمەتبارکرابوو بە دزیکردن لە فرۆشگایەک لە ویلایەتی تەکساس لە ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ ئەوەشدا ٤٨ فەرمانی دەستگیرکردنی چالاکانەی لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ هەیە.

ئەم ڕووداوەش بووە جێگەی سەرنجی بەشێک لە خەڵکی بەو پێیەی دزەکە پەنای بۆ شێوازێکی سەیر و نامۆ بردووە بۆ شاردنەوەی کاڵا دزراوەکە ئەمەش دەسەڵاتداران و خەڵکی سەرسام کردووە.