ڤیدیۆ... گۆڵێ ئەو گوندەی هەر چوار وەرزەکەی ساڵ جوانیەکی بێهاوتای هەیە

PM:02:02:25/02/2025

244 جار خوێندراوەتەوە

گۆڵێ گوندێکە کەوتووەتە ناحیەی گەرمک لە قەزای پێنجوێن سەربە پارێزگای سلێمانی، لە ئەو شاخەی گوندەوارەکانی لێ گیرساونەتەوە، سەیرانگایەک هەیە کە بە هەوڵی خەڵکی گوندەکە، کراوەتە ناوچەیەکی گەشتیاریی و هەر چوار وەرزی ساڵ لە ناوچەکانی تری هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە گەشتیار سەردانی دەکەن.

سەیرانگای گۆڵێ دەكەوێتە گوندی گۆڵێ لە ناحیەی گەرمك بە دووری ٢٥ كیلۆمەتر لە ناوەندی قەزای پێنجوێن (٩٦ كیلۆمەتر باكووری رۆژهەڵاتی سلێمانی)، ئەم سەیرانگایە تا ئێستا سروشتی خۆی پاراستووە و بەو سروشتە جوانە و دیمەنی چیا و رووەك و ئاوەكەیەوە سەرنجی گەشتیارانی بە لای خۆیدا راكێشاوە.

دیمەنی سەیرانگاكە، ئاو، چیا و شوێنی مەلەكردنی لە فۆتۆ و وێنەكاندا، دیمەنێكی زۆر سیحراویی و سەرنج راكێشە و گەشتیاران بە لای خۆیدا رادەکێشێت، ئەوەشی زیاتر دەبێتە هۆی جێگای سەرنجی ئەو كەسانەشی دەچنە ناوچەكە سروشتی ئاسایی ناوچەكەیە كە ناوچەیەكی شاخاوی و كوێستانە.

سنووری پێنجوێن لەگەڵ ئەوەی بە ناوچەیەکی سەختی کەشوهەوا ناسراوە و پلەکانی گەرما لە وەرزی زستاندا دەگەنە ١٦ پلە خوار سفر، بەڵام گەشتیار لەم بەشەی ناوچەکە کە بە سەیرانگای گۆڵێ ناسراوە، بەردەوام باوەشی کردۆتەوە بۆ گەشتیاران.

سەیرانگای گۆڵێ پێکهاتووە لە چەند سەرچاوەیەکی کانیاوی ئاو لەگەڵ چەمێکدا کە لە شاخەکانەوە دێنە خوار و بە دیمەنێکی سەوزایی دا دەرژێنە نێو گۆلێکەوە و سیحری جوانی ناوچەکە سەرجەم ئەو گەشتیارانە رادەکێشێت بۆ خۆی کە سەردانی دەکەن و ئەمەش وا دەکات بە یەکجار گەشتکردن بۆی، دڵیان ئاو نەخواتەوە.

گۆڵێ سەرەڕای ئەوەی لە ناوچەیەکی کوێستانیدایە بە ئاوە گەرمەکەی بەناوبانگە، سەبارەت بە ئاوی گەرمی کانیاوەکەش کە لە بەرزاییە شاخەکەدایە و بەسەر گۆڵێدا دەڕوانێت، پلەی گەرمی ئاوەکە لە زستاندا دەگاتە ٢٠ پلە لەکاتێکدا کەشوهەوای ناوچەکە لە زستاندا دەگاتە ژێر سفر.