توێژینەوەیەک: زیرەکی دەستکرد لە شیکردنەوەی لێدانی دڵدا لە مرۆڤ باشترە

AM:10:44:18/02/2025

596 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەک ئاشکرایکردووە کە زیرەکی دەستکرد لە شیکردنەوە و چاودێریکردنی درێژخایەنی لێدانی دڵدا لە مرۆڤ باشترە.

توێژینەوەیەکی ئەم دواییە کە لە گۆڤاری "Nature Medicine" بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکردووە کە زیرەکی دەستکرد لە شیکردنەوە و چاودێریکردنی درێژخایەنی لێدانی دڵ لە مرۆڤ باشترە، دەتوانێت شۆڕشێک لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی دڵدا دروست بکات.

توێژەران ڕوونیان کردەوە کە دڵی مرۆڤ لە ڕۆژێکدا تا ١٢٠ هەزار جار لێدەدات، بۆ پشکنینی ئەمەش پسپۆران پشت بە شیکردنەوەی ECG دەبەستن بۆ دەستنیشانکردنی داتایەکی وردیش ڕەنگە چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەک بخایەنێت کە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و کاتێکی زۆری دەوێت.

توێژینەوەکە پشتی بە تۆمارەکانی ١٤٦٠٦نەخۆش بەستووە کە بە تێکڕا ١٤ ڕۆژ ئامێری ECGیان بەکارهێناوە، توێژەران پێداچوونەوەیان بەو داتایانە کردووە کە لەلایەن تەکنیکارانی مرۆڤەوە تۆمارکراون بەپێی شێوازە کۆنەکان، دواتر بە بەکارهێنانی ئەلگۆریتمێکی زیرەکی دەستکرد کە بە DeepRhythm AI ناسراوە و لەلایەن کۆمپانیای Medical Logrithmics ی پۆڵەندییەوە پەرەی پێدراوە چاودێری نەخۆشەکان کراوە.

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە تەکنیکارانی مرۆڤ بە هەڵە ناڕێکی توندی لێدانی دڵیان لە ٤.٤%ی نەخۆشەکاندا دەستنیشان کردووە، لە کاتێکدا تەنها ٠.٣% بووە لەکاتی بەکارهێنانی AI هەروەها ئەلگۆریتمەکە توانای خۆی نیشان دا بۆ ڕەتکردنەوەی حاڵەتە توندەکان بە متمانەی ٩٩.٩% لەکاتی شیکردنەوەی تۆمارەکانیدا لە ماوەی ئەو ١٤ ڕۆژەدا.

لیندا جۆنسۆن توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە جەختی لەوە کردەوە و رایگەیاند "زیرەکی دەستکرد ڕەنگە چارەسەرێکی نایاب بێت بۆ ئەم کێشەیە بە پێشکەشکردنی شیکارییەکی وردتر لە ماوەی کەمتردا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە"