چی ڕوودەدات کاتێک ڤیتامین D زۆر دەخۆیت؟

AM:11:31:16/02/2025

5160 جار خوێندراوەتەوە

ڤیتامین D ماددەیەکی خۆراکی گرنگە بۆ تەندروستی ئێسک و بەرگری جەستە بەڵام خواردنی بڕێکی زۆر لە تەواوکەرە خۆراکیەکان مەترسی گەورە دروست دەکات.

لە ماڵپەڕی "اليوم السابع "دا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ڤیتامین Dڤیتامینێکی تواوەی چەورییە و یارمەتی جەستە دەدات بۆ هەڵمژینی کالیسیۆم و فسفۆڕ کە پێویستە بۆ بەهێزکردنی ئێسک و ددانەکان، هاوکات یارمەتی جەستە دەدات لە بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن و نەخۆشییەکان، باری دەروونی ڕێکدەخات و پەیوەستە بە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ هەروەها یارمەتی لە ڕێکخستنی پەستانی خوێن دەدات و بەرەنگاری نەخۆشییەکان دەبێتەوە.

کەمی ڤیتامین D دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی بەڵام وەرگرتنی بە رێژەیەکی زۆر لە تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە بە هەمان شێوە مەترسیدارە.

ژەمی ڕۆژانەی پێشنیارکراوی ڤیتامین D لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت بەپێی تەمەن و باری تەندروستی ئاستی ڤیتامین D لە جەستەدا.

ڤیتامین D لە چەوریدا دەتوێتەوە واتە بڕی زیادە لە جەستەدا هەڵدەگیرێت بە تێپەڕبوونی کات ڕێژەی بەرزی دەبێتە هۆی ژەهراویبوون، کە بە زیادبوونی ڤیتامین D ناسراوە، زیادبوونی کالیسیۆم یەکێکە لە مەترسییە باوەکانی زۆر خواردنی ڤیتامین دی، ئەمەش حاڵەتێکە کە ئاستی کالیسیۆم لە خوێندا بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرز دەبێتەوە نیشانەکانی بریتین لە سکچوون، ڕشانەوە، لاوازی، ماندوێتی، زۆر میزکردن، تینوێتی، سەختی تەرکیزکردن، ئازاری ماسولکەکان و ئێسک.

بەرزی کالیسیۆمی خوێن دەبێتە هۆی دروستبوونی سترێس لەسەر گورچیلە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەردی گورچیلە یان نیشتنی کالیسیۆم لە گورچیلەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازار و هەبوونی خوێن لە میزدا، هەوکردنی بۆری میز و کەمبوونەوەی کارکردنی گورچیلە و ئەگەری لەکارکەوتنی گورچیلە.

ئەگەری تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکات، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە ڕەقبوونی خوێنبەرەکان زیاد دەکات، ئەو کەسانەی کە پێشتر کێشەی تەندروستی دڵیان هەبووە پێویستە بە تایبەتی ئاگاداری تەواوکەری ڤیتامین D بن.

ژەهراویبوونی توندی ڤیتامین D دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی دەروونی، وەک سەختی تەرکیزکردن، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، گۆڕانی باری دەروونی و کەمخەوی و ئەم نیشانانە بە تێپەڕبوونی کات خراپتر دەبن ئەگەر ژەهراویبوونەکە چارەسەر نەکرێت.