نیوتن پێشبینی کۆتایی جیهانی کردووە لە نامەیەکی ساڵی ١٧٠٤یدا

PM:08:03:15/02/2025

15536 جار خوێندراوەتەوە

ئیسحاق نیوتن کە یاساکانی جوڵە و کێشکردنی زەوی داڕشتووە، بە پشتبەستن بە لێکدانەوەکانی بۆ پێشبینییەکانی کتێبی پیرۆز و داتاکانی بیرکاری پێشبینی کۆتایی جیهانی کردووە.

لە ماڵپەڕی " دەیلی مەیل" بڵاوکراوەتەوە، نیوتن پێشبینییەکەی زیاتر لە ٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەسەر کاغەزێکی بچووک لەگەڵ کۆمەڵێک تێبینی ورددا نووسیوە، ئەو پێیوابوو دەقە ئاینییەکان هێمای بیرکارییان تێدایە کە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت داهاتووی مرۆڤایەتی دەربهێنرێت و بزاندرێت.

نیوتن پێی وابوو کە کۆتایی جیهان بەپێی دیدگا ئایینییەکان ڕوودەدات، نیوتن پشتی بە لێکدانەوەیەکی کتێبی پیرۆز بەستبوو، ئەو کاتانەی کە لە پێشبینییەکانی کتێبی پیرۆزدا باسکراون وەک بنەمایەک بۆ لێکۆڵینەوە زانستییەکانی بەکارهێناوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە نیوتن لێکۆڵینەوەی لە مێژوو کردووە بۆ ئەوەی ئەو ساتە دیاری بکات کە کتێبە پیرۆزەکە ئاماژەی پێکردووە کە لە ساڵی ٨٠٠ی زایینی جێگیر بووە، ئەو ساڵەی کە شایەتحاڵی دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بووە.

بە زیادکردنی ١٢٦٠ ساڵ بۆ ئەم بەروارە، گەیشتە ساڵی ٢٠٦٠ی زایینی وەک بەروارێکی ئەگەری بۆ کۆتایی هاتنی جیهان.

نیوتن لە نامەیەکدا کە لە ساڵی ١٧٠٤دا نووسیویەتی شێوازی ژماردنەکەی خۆی روونکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشبینییەکانی بە بەکارهێنانی هێمای ژمارەیی ماوەی کاتی دیاری کردووە وەک ٤٢ مانگ یان ١٢٦٠ ڕۆژ، کە بەپێی بنەما زانستییەکانی بە پشت بەستن بە لێکدانەوە ئاینییەکان بەکاریهێناوە کە بە ١٢٦٠ ساڵ لێکدەداتەوە.

نیوتن لە نامەکەیدا نووسیویەتی " ئەگەر ڕۆژانی ئەهریمەنە کورتخایەنەکان لە بەرامبەر ساڵانی شانشینییە درێژخایەنەکاندا بژمێرین، ئەوا ماوەی ١٢٦٠ ڕۆژە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سێ پاشاکە لە ساڵی ٨٠٠ی زایینی، بەپێی ژماردنەکە لە ساڵی ٢٠٦٠ کۆتایی پێدێت"

بەپێی ڕاپۆرتەکە نیوتن متمانەی بە لێکۆڵینەوەکانی هەبوو بەڵام ترسی ئەوەی هەبوو پێشبینییەکانی راست دەرنەچن بەمەش متمانەی کتێبی پیرۆز تێکبدات و ناوبانگێکی خراپی پێبدات.

لە نامەیەکی دیکەدا نیوتن جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامانجی ئەو ئەوە نەبووە کە وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆتایی جیهان ڕابگەیەنێت بەڵکو کۆتایی بەو بۆچوونە بێباکانەی هەندێک کەس بهێنێت کە لەو کاتەدا پەرەیان پێداوە ئەمەش وایکردووە پێشبینییە پیرۆزەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە.

پرۆفیسۆر ستیڤن دی ڕوونیکردەوە "نیوتن ناکۆکی لە نێوان زانست و ئاییندا نەبینیوە، بەڵکو ئەو دووانەی بە تەواوکەری یەکتری زانیوە و بە درێژایی تەمەنی هەوڵی دۆزینەوەی ڕاستییە ئاینییەکانی داوە جا چ لە ڕێگەی یاساکانی فیزیا یان لێکدانەوەی کتێبی پیرۆزەوە بووبێت".