ئەوروپا دەچێتە ناو کێبڕکیی زیرەکی دەستکردەوە

PM:01:11:15/02/2025

316 جار خوێندراوەتەوە

زیرەکی دەستکرد (AI) بریتییە لە ھاوشێوەکردنی زیرەکی مرۆڤ لە ئامێرەکاندا، کە توانای ئەنجامدانی ئەو ئەرکانە دەکات کە بە شێوەیەکی گشتی پێویستیان بە بیرکردنەوەی مرۆڤ هەیە، وەک فێربوون، چارەسەرکردنی کێشەکان و بڕیاردان.

لە هەواڵێکی ماڵپەری (عەرەبیە) هاتووە کە ئەوروپا 200 ملیار یۆرۆ لە زیرەکی دەستکرد خەرج دەکات بۆ ئەوەی بچێتە ناو کێبڕکێ خێراکانی بواری زیرەکی دەستکرد لە نێوان ئەمریکا و چین و وڵاتانی دیکە.

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا وتی: ئێمە کاردەکەین بۆ خێراکردنی داهێنان لە بواری زیرەکی دەستکرددا.

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە پەرە بە کارگەکانی زیرەکی دەستکرد دەکەین بە دروستکردنی ژێرخانی گەورە"، لە میانی بەشداریکردنی لە چالاکییەکانی داخستنی لوتکەی نێودەوڵەتی زیرەکی دەستکرد کە لەلایەن پاریسی پایتەختی فەرەنسا میوانداری دەکرێت.

ئورسولا ڕوونی کردەوە کە کۆمسیۆن کار بۆ خێراکردنی داهێنان لە بواری زیرەکی دەستکرددا دەکات، هاوکات ستایشی یاسای ئەوروپا دەکات لەم چوارچێوەیەدا، و بە بەرژەوەندی پیشەسازی زیرەکی دەستکردی دەزانێت.