لە نوێترین بەرهەمیدا؛ نازدار سێ گۆرانی محەمەدی ماملێ نوێ دەکاتەوە

PM:07:29:13/02/2025

2724 جار خوێندراوەتەوە

خانمە هونەرمەند نازدار نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی (سەردان) بڵاوکردەوە.

لە پەیامێکدا و تایبەت بە ئێن ئاڕتی دوو، نازدار لەبارەی ئەم بەرهەمەوە رایگەیاند: "ئەم بەرهەمە پێشکەش بە گیانی پاکی هونەرمەندی گەورەی کورد محەمەدی ماملێ و هەموو گوێگرانی هونەری ڕەسەنی کوردی، بەرهەمەکانی هونەمەند ماملێ لای من تایبەتن هەمیشە لەکارەکانم گرینگی تایبەتم پێیانداوە، هیوادارم بەرهەمی (سەردان) جێگای خۆی بکاتەوە لە دڵی هەواداران و گوێگرانی ئازیز، سوپاس و پێزانین بۆ بنەماڵەی مامۆستا محەمدی ماملێ".

بەرهەمی سەردان دەبێتە یەکەمین بەرهەمی فەرمی هونەرمەند نازدار لە ساڵی ٢٠٢٥، کە پێکهاتووە لە ٣ گۆرانی تایبەت لە بەرهەمەکانی هونەرمەندی کۆچکردووی کورد، محمەدی ماملێ، هەریەکە لە گۆرانییەکانی (گوڵەکەم - چۆن لەسەفەر بووی؟ - وەرە سەر نەخۆشی دڵان).

ئەم بەرهەمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان میوزیکی بۆ ئامادەکراوە لەلایەن میرزا ئیزەد پەنا و ساسان سەمەدی ،هونەرمەند رابین هاوسەری خانمە هونەرمەند نازدار بەڕێوەبەری پڕۆژەکەیە، وەزیر خالید پڕۆدیسەرە و سەرجەم ئامادەکاری و بەرهەمهێنانی بۆ کارەکە ئەنجامداوە، ئەم بەرهەمە لەلایەن هاوبەش محمد بەشێوەی مۆشن گرافیک کاری بۆ کراوە و بەرهەمی نازدار پڕۆدەکشنە.

نازدار حەسەن بۆتان ساڵی ١٩٨٧ لە جەزیرەی بۆتان لە باکوری کوردستان لەدایكبووە ھونەرمەند و گۆرانیبێژێکی کوردە، لە ساڵی ١٩٩٣ بەھۆی بارودۆخی سیاسی کوردستان و ململانێکانی حکوومەتی تورکیا خێزانەکەیان کۆچی کردوە بۆ ئەڵمانیا نازداریش لەگەڵ خانەوادەکەی منداڵی و گەنجێتی لە ئەڵمانیا بەسەربردووە، دواتر هاتووەتە ناو بواری هونەرەوە، ئێستا لە کوردستان خەریکی چەندین پڕۆژەی ھونەرییە و چەندین ڤیدیۆکلیپ و گۆرانی بڵاوکردووەتەوە.