ئەم خووانە تەمەن ١٠ بۆ ٢٠ ساڵ کەمدەکاتەوە

AM:11:52:13/02/2025

8440 جار خوێندراوەتەوە

جگەرەکێشان و زیادەڕۆیی لە خواردنەوە کهولییەکان و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەو خووانەن کە تەمەن کەمدەکەنەوە و دەبنە هۆی چەندین کێشەی تەندروستی.

ئۆلێسیا ساڤێلیڤا، پزیشکی ناوخۆیی لە نەخۆشخانەی "JSC Medicina"دەڵێت "جگەرەکێشان و زیادەڕۆیی لە خواردنەوە کهولییەکان و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەو خووە خراپانەن کە تەمەنی مرۆڤ کورت دەکەنەوە"

لە چاوپێکەوتنێکدا پزیشکەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەریەکێک لەم خووە خراپانە تەمەنی مرۆڤ بۆ ١٠-٢٠ ساڵ کەمدەکاتەوە.

بە وتەی ئەو، جگەرەکێشان تەمەن ١٠ ساڵ کەمدەکاتەوە چونکە جگەرەکێشان دەبێتە هۆی بەرزی کۆلیسترۆڵی خوێن و ڕەقبوونی خوێنبەرەکان و مەینبوونی خوێن، ئاماژەی بەوەشکردووە " کاتێک نیکۆتین دەچێتە ناو جەستە دەبێتە هۆی تێکچوونی دڵ لەگەڵ ئەوەشدا جگەرە کێشان ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان زیاد دەکات لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ژنانەی لە کاتی دووگیانیدا جگەرە دەکێشن زۆرجار رووبەرووی لەبارچوونی منداڵ دەبنەوە" هەروەها زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی کهول، تەمەن ١٥بۆ ٢٠ ساڵ کەمدەکاتەوە چونکە دەبێتە هۆی خەمۆکی و توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، تێکچوونی کارکردنی جگەر و گورچیلە، نەخۆشییەکانی گەدە و ڕیخۆڵە، لاوازبوونی بەرگری جەستە.

باسیشی لەوە کردووە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان خراپترین جۆری ئالوودەبوونە کایگەری نەرێنی لەسەر جەستە دروست دەکات و مەترسی تووشبوون بە ئایدز و هەوکردنی جگەر زیاد دەکات هەروەها ماددەکە دەبێتە هۆی تێکچوونی کارکردنی مێشک و زیانگەیاندن بە زۆربەی ئەندامەکانی جەستە.

ئەو پزیشکە جەختی لەوە کردەوە کە هەموو ئەو خووانە مەترسی لەسەر جەستە دروست دەکەن و تەمەن کەمدەکاتەوە.