پزیشکێک هۆشداری دەدات لە کاریگەری خواردنەوە وزەبەخشەکان لەسەر گورچیلە

AM:09:01:13/02/2025

1916 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێکی گشتی هۆشداری دەدات لە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی خواردنەوە وزەبەخشەکان لەسەر تەندروستی گورچیلە، ئاماژە بەوە دەکات کە زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی ڕەنگە زیانی گەورەی لێبکەوێتەوە کە چارەسەرکردنی قورس بێت.

لە بابەتێکی دکتۆر سێرمێد مزهر پزیشکی گشتی لە لەندەن، ئاماژە بە مەترسییە تەندروستییەکانی ئەم خواردنەوانە دەکات.

مزهر ڕوونیکردەوە کە خواردنەوە وزەبەخشەکان ڕەنگە بە سێ ڕێگەی سەرەکی زیان بە گورچیلە بگەیەنن، بەم شێوەیە:

١. بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن: زۆرێک لە خواردنەوە وزەبەخشەکان ڕێژەیەکی بەرزی کافاینیان تێدایە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بەشێوەیەکی بەرچاو کە زیان بە تەندروستی گورچیلە دەگەیەنێت.

٢. وشکبوونەوەی جەستە: هەندێک کەس پێیان وایە خواردنەوە وزەبەخشەکان جەستە شێداردەکەنەوە بەڵام لەڕاستیدا ڕەنگە ببنە هۆی وشکبوونەوەی جەستە و ماندوێتی گورچیلە و لاوازبوونی کارەکانیان.

٣. بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر: زۆربەی خواردنەوە وزەبەخشەکان بڕێکی زۆر شەکریان تێدایە، ئەمەش ڕێژەی شەکر لە خوێندا بەرزدەکاتەوە، بەتایبەتی لەو کەسانەی مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی شەکرە هەیە، ئەمەش بارگرانی لەسەر گورچیلە زیاد دەکات.