هێلکە سەرچاوەیەکی
دەوڵەمەندە بە پرۆتین و ماددە خۆراکییە پێویستەکان کە دەبێتە هۆی ئەوەی قژێکی تەندروستت
هەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی
ڕۆژنامەی تایمز ئۆف هیندستان، هەردوو جۆری زەردێنەی هێلکە و سپێنەی هێلکە لە چاودێریکردنی
قژدا بەکاردەهێنرێن بەڵام کاتێک باس لە ڕێگریکردن لە هەڵوەرینی قژ دەکرێت هەر بەشێکی
هێلکە ڕۆڵێکی ناوازەی هەیە.
زەردێنەی هێلکە
بڕێکی زۆر ڤیتامین و کانزا و ترشە چەورییە پێویستەکانی تێدایە، ئەمەش وایکردووە
چارەسەرێکی خۆراکی بێت بۆ پێستی سەر و قژ، ڕێژەیەکی بەرزی مادەی بایۆتین و ڤیتامینB7ی تێدایە، کە بە
توانای بەهێزکردنی تاڵە قژەکان و پەرەپێدانی گەشەی تەندروست ناسراوە.
بایۆتین بە شێوەیەکی
باو لە تەواوکەری گەشەی قژدا هەیە بەهۆی توانای زیادکردنی ئەستووری قژ و کەمکردنەوەی
هەڵوەرینی قژ هەروەها زەردێنەی هێلکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی A و D و E کە پێویستن بۆ تەندروستی قژ، ئەم ڤیتامینانە
یارمەتی باشترکردنی سوڕی خوێن دەدەن لە پێستی سەردا و ڕێگری لە وشکبوونەوەی پێستی
سەر دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕیشاڵ کەمدەکەنەوە کە هۆکاری باوی هەڵوەرینی قژە.
ترشە چەورییەکانی
ناو زەردێنەی هێلکە وەک شێدارکەرەوەی قووڵ بۆ پێستی سەر کاردەکەن و ڕێگری لە
وشکبوونەوە و قژ هەڵوەرین دەکەن، پرۆتینەکانی ناو زەردێنەی هێلکە یارمەتی چاککردنەوەی
زیانەکانی قژ دەکەن لەڕێگەی بەهێزکردنی تاڵەکانی قژەوە ئەمەش وا دەکات تاڵەکانی قژ کەمتر تووشی شکان
ببن.
لە کاتێکدا زەردێنەی
هێلکە بە تایبەتمەندییە خۆراکیەکانی ناسراوە، سپێنەی هێلکە کۆمەڵێک سوودی تایبەتی
خۆی هەیە بەتایبەتی بۆ بەهێزکردنی قژ و کەمکردنەوەی هەڵوەرینی قژ، سپێنەی هێلکە سەرچاوەیەکی
نایابی پرۆتینە کە زۆر گرنگە بۆ پاراستنی پێکهاتەی قژ.
بەو پێیەی قژ لە
پرۆتینێک پێکهاتووە کە پێی دەوترێت کیراتین، دڵنیابوون لەوەی کە پرۆتینی پێویستت لە
خۆراکی رۆژانەتدا هەیە کلیلی بەهێزی هێشتنەوەی قژە، جگە لە پرۆتین سپێنەی هێلکە ئەنزیمێکی
تێدایە کە یارمەتی لابردنی زەیتی زیادە و پیسی پێستی سەر دەدات ئەمەش دەتوانێت بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانە
سوودی هەبێت کە پێستی سەریان چەورە، چونکە کۆبوونەوەی ڕۆن دەبێتە هۆی داخستنی تاڵەکانی
قژ و ڕێگری لە گەشەی تەندروست و گەشەی قژ دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ.
جێگەی باسە زەردێنە و سپێنەی هێلکە دەتوانرێت بەجیا یان پێکەوە بەکاربهێنرێت
بۆ دروستکردنی ماسکی قژ کە یارمەتی بەرەنگاربوونەوەی هەڵوەرینی قژ دەدات.
هەڵبژاردنی نێوان
زەردێنەی هێلکە یان سپێنەی هێلکە لە کۆتاییدا بەندە بە کێشە تایبەتەکانی قژتەوە ئەگەر
کەسێک بەدوای خۆراکی چڕ و بەرەوپێشبردنی گەشەی قژدا دەگەڕێت، زەردێنەی هێلکە هەڵبژاردەیەکی
تەواو و گونجاوە ئەمەش بەهۆی ڕێژەی دەوڵەمەندی ڤیتامینە گرنگەکان و بایۆتین و ترشە
چەورییەکانەوە بە تایبەتی بۆ قژی وشک و تێکچوو یان تەنکبوونەوەی قژ سوودی هەیە.
لە لایەکی ترەوە
ئەگەر پێستی سەرت چەور بێت یان خەمی سەرەکیت بەهێزکردن و چاککردنەوەی قژ بێت، ئەوا
ڕەنگە سپێنەی هێلکە گونجاوتر بێت، ڕێژەی بەرزی پرۆتین و تایبەتمەندی چەوری هەڵمژینی
سپێنەی هێلکە دەتوانێت یارمەتی بەهێزکردنی قژ بدات و پێستی سەر پاک و تەندروست ڕابگرێت.
هاوکات تێکەڵکردنی
زەردێنەی هێلکە و سپێنەی هێلکە دەتوانێت هاوسەنگییەکی تەواو لە خۆراکدانی قژ و بەهێزکردنیدا
بکات ئەمەش چارەسەری چەندین کێشەی قژ دەکات.