لە وڵاتی پیرۆ رووبارێک سوور دەبێت

AM:11:37:08/02/2025

3564 جار خوێندراوەتەوە

لە وڵاتی پیرۆ لە ناکاو رووبارێک سوور دەبێت ئەمەش بووە بە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لەلای خەڵک و بەرپرسانی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە، بەو پێیەی گرنگترین سەرچاوەی ئاوی وڵاتەکەیە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " The Sun " ڕووباری ڕیماک کە بەناو لیمای پایتەختی پیرۆدا تێدەپەڕێت، لە ناکاو رەنگەکەی گۆڕاوە و سوور بووە ئەمەش خەڵکی ناوچەکە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە، بەو پێیەی گرنگترین سەرچاوەی ئاوی وڵاتەکەیە.

بەرپرسانی شاری لیما بەدواداچوون بۆ هۆکاری ئەو دیاردەیە و ئەگەری کاریگەرییەکانی دەکەن، هەروەها نموونەیەک لە ڕووبارەکە وەرگیراوە و ڕەوانەی تاقیگەیەک کراوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا هیچ ماددەیەکی کیمیایی لەناو رووبارەکەدا هەیە یان نا.

ئەو دیاردە نامۆیە لە ناوەڕاستی شاری لیما ڕوویدا و بە خێرایی گرتە ڤیدیۆییەکانی لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە.

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەون کە بینەران لە پردەکانەوە بە سەرسوڕمانەوە سەیری ئەو رووبارە رەنگ گۆڕاوە دەکەن.

ماریا ئەنجێلیکا ڤیلاسانتی پسپۆڕی ژینگە پێشبینی ئەوەی کردووە هۆکاری گۆڕینی ڕەنگی رووبارەکە بەهۆی پیسبوونی پیشەسازییەوەیە لە کارگەکانی ناوچەکە پیسکەری ڕەنگاوڕەنگ دەڕێژنە ناو ڕووبارەکەوە.

جێگەی باسە نزیک رووبارەکە لانیکەم ٣٠ کان کاردەکەن و زیاتر لە ٥٠٠ بۆری ئاوەڕۆ ڕاستەوخۆ دەچنە ناو ڕووبارەکەوە، ماریا پێی وایە دەردراوەکانی ئەم کانانەن رەنگی رووبارەکەیان گۆڕیوە.

خزمەتگوزاری ئاوی خواردنەوە و پاکوخاوێنی شاری لیما بڵاویکردووەتەوە سەرەڕای گۆڕانی ڕەنگی رووبارەکە ئاوەکە هێشتا سەلامەتە بۆ خواردنەوە بەڵام پێویستمان بە دڵنیایی زیاترە.

جێگەی باسە کە ڕووباری ڕیماک درێژییەکەی ١٦٠ کیلۆمەترە و ناوچەکانی باکوور و باشووری لیمای پایتەخت دابەش دەکات.