پەرەپێدانی ماددەیەک کە ئێسکەکان لە ماوەیەکی دیاریکراودا دروست دەکاتەوە

AM:10:13:08/02/2025

3316 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی سویسری جێڵێکی دەرزییان دروستکردووە کە تەنها لە ماوەی دوو هەفتەدا ئێسکەکانمان دەگەڕێنێتەوە بارودۆخی ئاسایی خۆی، دوای دەرزی لێدان چڕی ئێسک ٢-٣ هێندە زیاد دەکات.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری " Bone" بڵاو کراوەتەوە، پووکانەوەی ئێسک نەخۆشییەکە کە بەهۆی ناهاوسەنگی لە نێوان ئەو خانانەی کە شانەکانی ئێسک لەناو دەبەن و ئەو خانانەی کە دروستی دەکەن ڕوودەدات، یەک لەسەر سێی ژنان و یەک لەسەر پێنجی پیاوانی سەروو تەمەنی ٥٠ ساڵ لە جیهاندا تووشی پووکانەوەی ئێسک دەبن، نەخۆشییەکە بەزۆری بە دەرمانێک چارەسەر دەکرێت کە یان لەناوچوونی ئێسک خاو دەکاتەوە یان دووبارە دروستبوونەوەی ئێسک خێراتر دەکات، ماوەی چارەسەرکردن لە نێوان ٦ بۆ ٢٤ مانگدایە و زۆرجار کاریگەری لاوەکی لەگەڵدایە.

توێژەرانی پەیمانگای تەکنەلۆژیای لۆزان لە سویسرا جێگرەوەیەکی نوێیان پێشنیار کردووە، کە جێڵێکی دەرزییە و بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای Flowbone پەرەی پێدراوە.

ئەم مادەیە پێکدێت لە ترشی هیالۆرۆنیک کە پێکهاتەیەکی سروشتی شانە بەستەرەکانە بە دەرزی دەخرێتە ناوچە لاوازەکانی ئێسکەوە، لەوێدا دەبێتە هۆی گەشەکردنی شانەکانی ئێسک، لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکاندا لەسەر مشک دوای دوو هەفتە دوای دەرزی لێدان چڕی ئێسک لە ناوچە چارەسەرکراوەکاندا ٣ هێندە زیادیکردووە.

لە ئێستادا توێژەران چاوەڕوانی ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ ئەگەر کاریگەرییەکەی پشتڕاست بکرێتەوە دەکرێت پێشکەوتنێک بێت لە چارەسەرکردنی پووکانەوەی ئێسکدا.