شەپۆلی بەفر و سەرما تاکەی بەردەوام دەبێت؟

AM:10:05:08/02/2025

276 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ شەپۆلێکى باران بارین تەواوى هەرێمى کوردستان و کەرکوک دەگرێتەوە و پلەکانى گەرما زیاتر دادەبەزن، بایەکی بەهێزیش سنوری سلێمانی گرتووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە ٨ـی شوباتـی ٢٠٢٥، کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، شەپۆلێکى باران بارین لە کاتەکانى بەرەبەیان لە ناوچەکانى دەشتى هەولێر و کەرکوک و خورماتوو و بەشێک لە ناوچەکانى گەرمیانی گرتەوە و پێبینیش دەکرێت لە کاتەکانى ئێوارەدا ناوچەکانى سلێمانى و هەڵەبجەش بگرێتەوە دەشڵێت، لە سلێمانی و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بەفر دەبارێت.

کەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو روو لە نزمبوونەوە دەکەن و شەپۆلی سەرما روو لە زۆربەى ناوچەکان دەکات.

هاوکات ئەوەشی خستووەتەروو، لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت و پێشبینی دەکرێت بەفربارین سلێمانی و هەندێک ناوچەی دیکەی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.