کێ زۆرترین مەترسی لەسەرە بۆ تووشبوون بە جەڵتەی دڵ؟

AM:09:19:08/02/2025

7024 جار خوێندراوەتەوە

جەڵتەی دڵ بەیەكێک لە كێشە تەندروستییەکان دادەنرێت، کاتێک ڕوودەدات كە رۆیشتنی خوێن بۆ دڵ بوەستێت بەهۆی كۆبونەوەی چەوری و كۆلیسترۆڵ و ماددەی دیكە لە شادەمارەكان.

سەبارەت بەو بابەتە، پزیشکی ڕوسی سێرگی ئاگپکین لە بەرنامەیەکی پزیشکیدا رایگەیاند " لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەو کەسانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە ئەوانەن کە لە پێشینەی خێزانییاندا تووشی نەخۆشییەکانی دڵ بوون، بۆیە ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکرێت کەسوکاریان بەدەست ئەم نەخۆشیانەوە دەناڵێنن پێویستە دوای تەمەنی ٣٥ ساڵی پشکنینی سووڕی دڵیان بۆ بکرێت، لە خانمانیشدا کاتێک نیشانەکانی وەستانی سوڕی مانگانە دەست دەکەن بە دەرکەوتن چونکە لەم ماوەیەدا ئاستی ئیسترۆجین لە جەستەی ئافرەتدا کەم دەبێتەوە، کە ئەو هۆرمۆنەیە کە یارمەتی پاراستنی دڵ دەدات لە نەخۆشییەکان"

هەروەها ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تووشبووانی شەکرە لەنێو ئەو کەسانەدان کە زۆرترین تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ هەیە، هەروەها ئەوانەی بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە.

باسیشی لەوە کرد شێوازی ژیانێکی ناجێگیر و فشارەکانی ژیانی ڕۆژانە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاد دەکات، هەروەها قەڵەوی و کەمی وەرزشی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات.

ئەو پزیشکە هۆشداریشیدا لەوەی ئەو کەسانەی کە بەردەوام هەست بە ماندوێتی دەکەن تەنانەت لەکاتی پشوودان لەوانەیە تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بن، بۆیە پێویستە بە وردی چاودێری تەندروستی خۆیان بکەن و ڕاوێژ بە پزیشک بکەن.

زۆرێک لە توێژینەوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جگەرەکێشەکان زیاتر تووشی جەڵتەی دڵ دەبن لە چاو کەسانی دیکە، هەروەها ئەو کەسانەی کە هەندێک جۆری چارەسەری هۆرمۆنی وەردەگرن بەرکەوتەی ئەو جۆرە مەترسیانە دەبن.