قاوە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە کەمدەکاتەوە

AM:08:43:08/02/2025

576 جار خوێندراوەتەوە

تیمێکی توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە قاوە ڕەنگە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو کەم بکاتەوە، بەڵام تەنها ئەگەر خۆت بەدوور بگرێت لە زیادکردنی پێکهاتەیەکی دیاریکراو.

بەپێی ماڵپەڕی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی توێژینەوەکە نزیکەی ٢٩٠ هەزار کەسی تێدابووە، کە ١٣ هەزار کەسیان نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەبووە و پشتیان بە داتای سێ توێژینەوەی تەندروستیی گەورەی ئەمریکا بەستووە، توێژەران بۆ ماوەی ٣٤ ساڵ بەدواداچوونیان بۆ بەشداربووان کردووە، لەگەڵ نوێکردنەوەی وەرزی لەسەر خواردنەوەی قاوە و دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەکرە، ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ٦٠٪ی بەشداربووان ڕۆژانە هەندێک مادەی زیادکەریان بۆ قاوەکەیان زیاد کردووە و ٤٢٪ شەکریان بەکارهێناوە.

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی قاوە دەخۆنەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم بە ڕێژەی ١٠% کەمترە بۆ هەر کوپێک کە ڕۆژانە دەیخۆن، سوودەکەی تاڕادەیەکی زۆر هاوشێوە بووە بۆ ئەو کەسانەی شیریان بۆ قاوەکەیان زیاد کردووە.

بەڵام ئەو کەسانەی شەکریان زیاد کردووە ئەو سوودە بۆ نیوە کەمبووەتەوە، مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم تەنها بە ڕێژەی ٥% بۆ هەر کوپێک قاوە کەمبووەتەوە، ئەمەش بۆ ئەو کەسانە بوو کە بە تێکڕا یەک کەوچک شەکریان بۆ قاوەکەیان زیاد کردووە.

هەروەها دەرکەوتووە کە شیرینکەرەوە دەستکردەکان کاریگەری پارێزەری قاوە کەم دەکەنەوە، کەمبوونەوەی مەترسییەکان تەنها ٧% بووە بۆ هەر کوپێک.

توێژەران ڕوونیان کردەوە کە قاوە پێکهاتەی ڕووەکی و کافایینی تێدایە کە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی هەوکردنی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم، هەروەها توێژینەوەکانی پێشووتر دەریانخستووە کە ئەوانەی قاوە دەخۆنەوە کێشی جەستەیان کەمتر دەبێتەوە، ئەمەش ڕەنگە بەشداربێت لە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکە، بەڵام زیادکردنی شەکر ئەگەری زیادبوونی کێش زیاد دەکات، چونکە قاوەی شیرینکراو کالۆری زیادە دابین دەکات بەبێ ئەوەی هەست بە تێربوون بکەیت ئەمەش ڕەنگە هانت بدات بدات کالۆری زیاتر لە سەرچاوەی دیکەوە بخۆیت.

دکتۆر ماتیاس هاین نوسەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت "خواردنەوەی قاوە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوونت بە نەخۆشی شەکرە، بەڵام زیادکردنی شەکر یان شیرینکەرەوە دەستکردەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ئەم سوودانە کەمدەکاتەوە"