وریا حەمەکەریم رۆژنامەنووسی دیاری کوردستان و پەیامنێر و پێشکەشکاری
کەناڵی ئێن ئاڕ تی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆچی دوای کرد.
وریا حەمەکەریم ساڵی ١٩٨٧ لە هەڵەبجە لە دایکبووە و هەر لەو شارەش
نیشتەجێبووە، وریا بەرکەوتەی چەکی کیمیاوی بووە و خاوەنی دوو منداڵ بووە، ماوەی
زیاتر لە ١٢ ساڵە وەکو پەیامنێر و پێشکەشکار لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی کاریکردووە، لە
وەرزی نوێی ئێن ئاڕتیدا پێشکەشکاری بەرنامەی گەڕیدە بووە، کە یەکێک بوو لە
پڕبینەرترین بەرنامەکانی ئێن ئاڕتی و بەردەوام لە خەمی خەڵکدا بووە و کێشە و
گرفتەکانی هاوڵاتیانی خستووەتەڕوو.
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە زۆرترین پرسی گەندەڵی ئاشکراکردووە و
بەهۆی دەستبردنی بۆ کەسیە هەستیارەکان زیاترلە ١٠ جار توشی گرتن و دادگایی کردن
بووەتەوە و بەشێک لە کەیسەکانیشی تائێستا یەکلایی نەکراونەتەوە.
وریا کەسێکی دەم بەخەندە و رووخۆش بووە و بەردەوام لەگەڵ خەڵکدا بووە
جێگای خۆی لە دڵی بینەر و بیسەرانیدا کردبووەوە.
وریا حەمەکەریم لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە پۆستێکدا لە فەیسبوکدا نوسیوویەتی: "هەموو
سەرەتایەک کۆتاییەکی هەیە، بۆیە دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بکەین".
بەداخەوە کۆتایی ئەو لە بەرەبەیانی ٦ی ٢ی ٢٠٢٥دا و لە کاتژمێر ٤:٣٠
خولەکدا بوو، لەکاتێکدا کە وریا بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئۆتۆمبێلێکی دیکە دەوەستێت
لەسەر رێگەی عەربەت-سلێمانی و لەگەڵ شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی دیکەدا سەرقاڵی
چارەسەرکردنی کێشەکە دەبن، لەو کاتەدا بارهەڵگرێک کۆنترۆڵ لەدەستدەدات و خۆی
دەکێشێت بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا و هەردووکیان گیان لەدەست دەدەن.