وردەکاری گیانلەدەستدانی هاوکارمان وریا حەمەکەریم

PM:12:07:06/02/2025

612 جار خوێندراوەتەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگای سلێمانی – عەربەت هاوکارمان وریا حەمەکەریم پێشکەشکار و رۆژنامەنووسی دیاری ئێن ئاڕ تی گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ ٦ی شوباتی ٢٠٢٥، کاتژمێر ٥ و ٣٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگای سلێمانی – عەربەت، لە نزیک بازگەی عەربەت بارهەڵگرێک خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلی وریا حەمەکەریم و هاوڵاتییەکی تردا و بەهۆیەوە وریا حەمەکەریم پێشکەشکار و رۆژنامەنووسی دیاری ئێن ئاڕ تی و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی تر گیانیان لەدەستداوە.

پۆلیسی هاتووچۆی عەربەت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رووداوەکە لە کاتێکدا بووە ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگای سلێمانی – عەربەت لەکار دەکەوێت و لە قەراخ رێگاکە دەوەسێت، لەوکاتەدا وریا حەمەکەریم بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئۆتۆمبێلەکەی رادەگرێت و لەگەڵ هاوڵاتییەکەدا سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی ئۆتۆمبێلەکە دەبن بەڵام لەوکاتەدا بارهەڵگرێک کۆنترۆڵی خۆی لەدەست دەدات و خۆی دەکێشێت بە ئۆتۆمبێلی وریا حەمەکەریم و هاوڵاتییەکەدا، بەهۆیەوە وریا حەمەکەریم و هاوڵاتیەک گیانیان لەدەستدا.

پزیشکی دادوەری سلێمانیش بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی تەرمی وریا حەمەکەریم گەیەنراوەتەوە پەیمانگای پزیشکی دادوەری.

وریا حەمەکەریم ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵە لە ئێن ئاڕ تی وەک پەیامنێر و دواتریش پێشکەشکار کاری کردووە.

لە وەرزی نوێی ئێن ئاڕ تیدا وریا حەمەکەریم پێشکەشکاری بەرنامەی گەڕیدە بوو کە یەکێکە لە پڕبینەرترین بەرنامەکانی ئێن ئارتی.

دامەزراوەی میدیایی نالیا بە قووڵی ماتەمینی خۆی رادەگەیەنێت بۆ گیان لەدەستدانی وریا حەمەکەریم و گیان لەدەستدانی کەلێنێکی گەورەیە کە پڕناکرێتەوە.