رۆژانە خواردنی ئۆمیگا سێ نهێنی پاراستنی گەنجییە

AM:10:47:06/02/2025

636 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەک ئاشکرای کردووە کە خواردنی ڕۆژانەی ئۆمیگا سێ پەیوەندی بە خاوکردنەوەی ڕێژەی پیربوونی بایۆلۆژییەوە هەیە.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری "Nature Aging" بڵاوکراوەتەوە ، پسپۆران ئاماژەیان بەوە کردووە رۆژانە خواردنی ئۆمیگا سێ کاریگەری ئەرێنی لەسەر جەستە دروست دەکات بەتایبەت رێگری دەکات لە پیربوون.

توێژینەوەیەکە لەسەر ٧٧٧ بەشداربووی سویسری ئەنجامدراوە کە تەمەنیان ٧٠ ساڵ و سەرووتر بووە.

جێگەی باسە توێژینەوەکانی پێشووتر دەریانخستووە کە کەمکردنەوەی کالۆری ڕەنگە یارمەتی خاوکردنەوەی پیربوون بدات هەروەها باسیان لەوە کردووە کە تەواوکەرە خۆراکیەکانی وەک ڤیتامین D و ئۆمیگا سێ ڕەنگە کاریگەری ئەرێنی هاوشێوەیان هەبێت.

لەم ڕووەوە توێژەران هایک بیشۆف فێراری و ستیڤ هۆرڤات رایانگەیاند ئۆمیگا سێ بریتین لە ترشە چەورییە گرنگەکان کە جەستەمان ناتوانێت بە تەنیا بەرهەمی بهێنێت رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پاراستنی تەندروستی، یارمەتی دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش و باشترکردنی سوڕی خوێن و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان هەروەها تەندروستی مێشک باشتر دەکات و مەترسی خەمۆکی کەمدەکاتەوە.

ئۆمیگا سێ تایبەتمەندی دژە هەوکردنی هەیە، ئازار و رەقبوون کەمدەکاتەوە کە لە ئەنجامی هەوکردنی جومگەکانەوە دروست دەبێت، یارمەتی شێدارکردنی پێست دەدات، تەندروستی قژ باشتر دەکات هاوکات یارمەتیدەرە بۆ رێگریکردن لە وشکبوونەوەی چاو.

ئاماژەشیان بەوە کرد رۆژانە خواردنی ئۆمیگا سێ نهێنی پاراستنی گەنجییە و رێگری دەکات لە پیربوون.