لەم هەفتەیەدا ڕێکخراوی
تەندروستی جیهانی ڕێنمایی نوێی سەبارەت بە بەکارهێنانی جێگرەوەی خوێی سۆدیۆم دەرکرد.
ئەم ڕێنماییانە
داوای گۆڕینی خوێی ئاسایی دەکات کە لە ماڵەکاندا بەکاردەهێنرێت بە ئەو جێگرەوانەی کە سۆدیۆمیان کەمترە، ئەمەش هەنگاوێکە
کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی مەترسییە تەندروستییەکانە کە لە ئەنجامی زیادەڕۆیی لە
خواردنی خوێدا دروست دەبن.
ڕێنماییە تەندروستییە
جیهانییەکان لە مێژە پێشنیاری کەمکردنەوەی خواردنی خوێ (کلۆریدی سۆدیۆم) دەکەن، بەو
پێیەی لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە زیادەڕۆیی لە خواردنی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی
خوێن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی گورچیلە
زیاد دەکات.
بەپێی خەمڵاندنەکانی
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ساڵانە ملیۆنێک و ٩٠٠ هەزار حاڵەتی مردن روودەدات بەهۆی
زیادەڕۆیکردن لە خواردنی خوێوە.
هەرچەندە ڕێکخراوەکە
پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕۆژانە لە دوو گرام سۆدیۆم زیاتر نەخورێت بەڵام ڕێژەی بەکارهێنانی جیهانی زیاتر لە دوو هێندەیە،
وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پابەندبوون بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی
سۆدیۆم بە ڕێژەی ٣٠% تا ساڵی ٢٠٢٥، بەڵام گەیشتن بەم ئامانجە قورس بووە، ئەمەش وایکردووە
ڕێکخراوەکە وادەی کارکردن بۆ ساڵی ٢٠٣٠ درێژ بکاتەوە.
لەم ڕووەوە ڕێکخراوی
تەندروستی جیهانی پێشنیاری بەکارهێنانی خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم دەکات وەک
جێگرەوەیەک بۆ خوێێ ئاسایی، کە بەشێک لە کلۆریدی سۆدیۆم بە کلۆریدی پۆتاسیۆم دەگۆڕدرێت،
کە کانزایەکی سەرەکییە و پێویستە بۆ ئەرکە گرنگەکانی جەستە، خوێی پۆتاسیۆم جۆرێکە
لە خوێ کە بە شێوەیەکی سروشتی لە دەریاکانەوە بەدەست دێت بە هەمان شێوەی خوێی کلۆریدی
سۆدیۆم لە خۆراکە بەکاردەهێنرێت لەبری خوێی کلۆریدی سۆدیۆم.
جێگەی باسە تاقیکردنەوە
زانستییەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەریانخستووە کە گۆڕینی خوێی ئاسایی بە خوێی دەوڵەمەند
بە پۆتاسیۆم، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک بە شێوەیەکی بەرچاو
کەمدەکاتەوە.
سەرەڕای سوودە تەندروستییەکانی
بەڵام هەندێک بەربەست لەبەردەم بەکارهێنانی بەربڵاوی خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆمدا
هەیە، لەوانە تێچوون و بەردەستبوونی کلۆریدی پۆتاسیۆم گرانترە بۆ بەرهەمهێنان لە
کلۆریدی سۆدیۆم، ئەمەش وایکردووە خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم بەرهەمێکی تایبەت و گرانتر
بێت.