توێژینەوەیەک: خواردنەوە گازییەکان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر زیاد دەکەن

PM:02:11:02/02/2025

628 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک پسپۆڕی تەندروستی هۆشداری گرنگیان سەبارەت بە خواردنەوە گازییەکان بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی رۆژنامەی " دەیلی مەیل" ی بەریتانی، پسپۆران ئاماژە بەوە دەکەن هەموو خواردنەوە گازییەکان یەک کار دەکەن و سەرجەمییان خراپە و زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر جەستە دروست دەکەن.

لەمبارەیەوە شارەزایان ڕوونیان کردەوە کە لێکۆڵینەوە زانستییەکان خواردنەوە گازییە شەکرییەکان دەبەستنەوە بە زیادبوونی مەترسی قەڵەوی و نەخۆشی شەکرە، هاوکات خواردنەوە بێ شەکرەکان ڕەنگە ئارەزووی شیرینی هان بدەن، ئەمەش هۆکارە بۆ زیادبوونی کێش هەروەها پزیشکان هۆشداری دەدەن لەوەی کە خواردنی بەردەوامی ئەم خواردنەوانە ڕەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی کۆئەندامی هەرس و پووکانەوەی ئێسک و تەنانەت زیانگەیاندن بە ئەندامەکانی دیکەی جەستە.

زۆرێک لە خواردنەوە گازییەکان ترشی فۆسفۆریکیان تێدایە کە بۆ زیادکردنی ترشی بەرهەمە خۆراکیەکان و ڕێگریکردن لە گەشەی بەکتریا بەکاردێت، ترشی فۆسفۆریک لە فسفۆرەوە هاتووە، کە کانزایەکی سروشتییە کە لە جەستەدا هەیە و بەرپرسە لە گەشەکردن و چاککردنەوەی شانە و خانەکان، لە کاتێکدا جەستە پێویستی بە فسفۆر هەیە، بەڵام زیادەڕۆیی لە خواردنی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کالیسیۆم، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە پووکانەوەی ئێسک زیاد دەکات.

جگە لەوەش خواردنەوە گازییەکان کاریگەری نەرێنییان لەسەر تەندروستی دڵ و جگەر هەیە، خواردنەوەیان بە ڕێژەیەکی زۆر دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی کۆلیسترۆڵی باش (HDL) بە ڕێژەی 98% و زیادبوونی ڕێژەی ترایگلیسیرید بە ڕێژەی 53%، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات.

ئەو کەسانەی رۆژانە خواردنەوە گازییەکان دەخۆنەوە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی جگەر بە ڕێژەی 85% زیاترە، هەروەها ئەگەری مردنیان بەهۆی نەخۆشی جگەرەوە بە ڕێژەی 68% زیاترە، بە بەراورد بەوانەی کەمتر دەیخۆنەوە یان نایخۆنەوە.