ژوورەکەی مۆنالیزا ئاوی تێچووە و تابلۆکەی خستووەتە مەترسییەوە

PM:09:24:30/01/2025

80 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، تابلۆی مۆنالیزای لیۆناردۆ داڤینشی دەگوازرێتەوە بۆ ژوورێکی نوێ لە ناو مۆزەخانەی لۆڤەر، ئەویش بەهۆی دزەکردنی ئاو بۆ ناو ژوورەکە و نۆژەنکردنەوەی.

ئەمڕۆ سێشەممە، بە وتەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، نۆژەنکردنەوەیەکی بەرفراوان لە ژوورەکەی مۆنالیزا دەکرێت و چەند ساڵێک دەخایەنێت و پێشبینی دەکرێت تاکو ساڵی ٢٠٣١ کۆتایی بێت.

ماکرۆن تێچووی ئەم نوێکاریانەی ئاشکرا نەکرد، کە پێشبینی دەکرێت بگاتە سەدان ملیۆن یۆرۆ، بە ئامانجی نوێکردنەوەی ئەو مۆزەخانەیە لە جیهاندا کە زۆرترین سەردانی دەکرێت و لە ئێستادا بەدەست قەرەباڵغی و کۆنی بیناکەیەوە دەناڵێنێت.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی رۆژنامەی لۆ پاریسیانی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە، هۆشداری دراوە لە تێکچوونی وردە وردەی بیناکە بەهۆی دزەکردنی ئاو و گۆڕانی پلەی گەرمی و چەند کێشەیەکی دیکە، کە مەترسی لەسەر پاراستنی کارە هونەرییەکان دروست دەکات.

ئەو هەڕەمەی کە وەک دەروازەی مۆزەخانەکە دانراوە، لە ساڵی ١٩٨٩ لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی فرانسوا میتران، سەرۆکی کۆچکردووی فەرەنسا، پەردەی لەسەر لادرا، بەڵام لە ئێستادا کۆن دەردەکەوێت و شارەزایان دەڵێن، شوێنەکە بە باشی لە سەرما و گەرما نەپارێزراوە.