ئەم خۆراکانە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکەنەوە

AM:09:05:18/01/2025

3156 جار خوێندراوەتەوە

ئەو خۆراکانەی ماددەی لایکۆپین و کوێرسیتین و ماددە خۆراکیەکانی تریان تێدایە یارمەتی باشترکردنی تەندروستی دڵ دەدەن.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "India.com"، نەخۆشانی دڵ پێویستە هەمیشە ڕاوێژ بە پزیشکەکەیان بکەن پێش ئەوەی گۆڕانکاری لە خۆراکەکانیاندا بکەن.

لێرەدا لیستێک لە باشترین بژاردەکانی خۆراک دەخەینەڕوو بۆ ئەوەی سوودە تەندروستییەکانی وەربگریت، ئەوانیش بریتین لە:

١. تەماتە:

ڕێژەیەکی زۆر لە ڤیتامین ئەی و سی تێدایە، هەروەها ڕێژەی لایکۆپینەکەی یارمەتی باشترکردنی تەندروستی دڵ دەدات.

٢. بیبەری سوور:

دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسێنەر، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ لەگەڵ ئەوەشدا پۆتاسیۆم و تایبەتمەندی دژە هەوکردنی تێدایە.

٣. چەوەندەر:

ماددەی نیتراتی تێدایە کە هەوکردن لە خوێنبەرەکاندا کەمدەکاتەوە و ڕۆیشتنی خوێن باشتر دەکات و بەم شێوەیەش بڕێکی پێویست ئۆکسجین دەگەیەنێتە هەموو خانەکانی جەستە.

٤. هەنار:

خواردنی هەنار بە بەردەوامی دەتوانێت یارمەتی رێکخستنی ئاستی کۆلیسترۆڵ بدات و تەندروستی خوێنبەرەکان باشتر بکات.

٥. سێو:

میوەیەکی ڕیشاڵییەکە یارمەتی دابەزاندنی کۆلیسترۆڵ و هەوکردن دەدات و تەندروستی دڵ باشتر دەکات.

٦. گێلاس

دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسێنەر، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسی تێکچوونی خانەکان و پاراستنی دڵ.