بۆ ماوەی ساڵێک تیک تۆک قەدەغە دەکرێت

AM:11:50:22/12/2024

8824 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەلبانیا دوای کوشتنی هەرزەکارێک ئەپڵیکەیشنی تیک تۆک بۆ ماوەی ساڵێک قەدەغە دەکرێت.

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی تیک تۆکی بۆ ماوەی ساڵێک ڕاگەیاند، دوای کوشتنی هەرزەکارێکی تەمەن ١٤ ساڵ لەلایەن هاوپۆلەکەیەوە بەهۆی شەری تیک تۆکەوە ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی کاریگەرییەکانی سۆشیال میدیا لەسەر منداڵان دروستکرد.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئیدی ڕاما سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دایک و باوک و مامۆستایان لە سەرتاسەری وڵات ڕایگەیاند، قەدەغەکردنەکە بەشێکە لە پلانێکی فراوانتر بۆ سەلامەتی قوتابخانەکان کە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ماوەی ساڵێک بە تەواوی تیک تۆک بەڕووی هەموواندا دایدەخەین.

زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا لەوانەش فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەلجیکا سنووردارکردنیان بۆ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بۆ منداڵان داناوە هەروەها ئوسترالیا لە مانگی ١١ ی ساڵی رابردووەوە بڕیاریداوە لەسەر قەدەغەکردنی تەواوەتی سۆشیال میدیا بۆ منداڵانی خوار تەمەنی ١٦ ساڵ.

ڕاما سۆشیال میدیا و بەتایبەتی تیک تۆکی تۆمەتبار کرد بە هۆکاری سەرەکی توندوتیژی لەنێو گەنجاندا.

جێگەی باسە بڕیارەکەی قەدەغەکردنەکەی دوای ئەوە دێت کە لە مانگی رابردوو خوێندکارێکی تەمەن ١٤ ساڵ بە چەقۆ کوژرا لەلایەن هاوپۆلەکەیەوە، میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردووەتەوە کە ڕووداوەکە دوای ناکۆکی نێوان ئەو دوو کوڕە لە تیک تۆک دروستبووە.

ئەوەشی رایگەیاند " کێشەی ئەمڕۆ منداڵەکانمان نییە، کێشەی ئەمڕۆ ئێمەین، کێشەی ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێمەیە، کێشەی ئەمڕۆ تیک تۆک و ئەوانی دیکەیە کە دەست بەسەر منداڵەکانماندا دەگرن"