مستەر بیست، یوتیوبەری
بەناوبانگ، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، هەرەمەکانی میسر "خۆفۆ و خەفرەع و مەنکورەع"
بۆ ماوەی ١٠٠ کاتژمێر بە کرێ دەگرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی نهێنییەکانی ناویان ئاشکرا
بکات.
یوتیوبەرە بەناوبانگەکە
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە یوتیوب ڕوونیکردەوە کە خۆی و تیمەکەی بۆ ماوەی ١٠٠ کاتژمێر
ڤیدیۆی ناوەوەی هەرەمەکان دەگرن، هەر شوێنێک کە بیانەوێت لەناویاندا دەگەڕێن.
ئەو و هاوڕێکانی
لەناو هەرەمەکاندا دەخەون و دەژین بۆ ماوەی ئەو ١٠٠ کاتژمێرە و رێبەرێکی گەشتیاری
لەگەڵیاندا دەبێت کە زانیاری مێژوویییان پێدەدات، هەروەها بەپێی زانیارییەکان دەتوانن
بچنە ناو ئەو ژوورانەوە کە هیچ کەس تا ئێستا نەچوونەتە ناویانەوە.
ئەم هەواڵەش میسرییەکانی
تووشی شۆک کردووە و لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا بووەتە هۆی جەنجاڵییەکی بەرفراوان
لە سۆشیال میدیادا، ژمارەیەکی زۆر لە میسرییەکان بیرۆکەی بەکرێدانی هەرەمەکانیان ئیدانە
دەکەن، پرسیاری ئەوە دەکەن "ئایا یاساکانی میسر رێگە بەم بابەتە دەدەن؟".
هەرەمەکانی میسر
لە سێ هەرەمی گەورەی خۆفۆ، خەفرەع و مەنکورەع لەخۆدەگرێت، هەروەها چەندین گۆڕی فیرعەونەکانی
ئەوکات لەخۆدەگرێت، دەکەوێتە بیابانی رۆژئاوا و نزیکەی ١٣ کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای
ناوەندی قاهیرەوە دوورە.