مێتا تایبەتمەندی نوێی بۆ چاویلکەی زیرەکی Ray-Ban زیاد دەکات

PM:02:20:18/12/2024

368 جار خوێندراوەتەوە

لە نوێترین داهێناندا کۆمپانیای مێتا و رەی بان بە زیرەکی دەستکرد چاویلکەیەکیان دروست کردووە کە وەرگێڕانی راستەوخۆ دەکات ئەمەش بۆ ژمارەیەکی سنووردار لە بەکارهێنەرانی ئەمریکا و کەنەدا بەردەست دەبێت.

کۆمپانیای مێتا ئاشکرای کرد کە یەکێک لەو تایبەتمەندیانە بریتییە لە "Live AI" کە لەسەر بنەمای زیرەکی دەستکردە، لە ڕێگەی کامێرای چاویلکەکەوە دەتوانێت بزانێت بەکارهێنەر چی لە دەوروبەری خۆی دەبینێت و گفتوگۆی لەگەڵدا ئەنجام بدات سەبارەت بە دەوروبەرەکەی هەروەها دەتوانێت وەرگێڕانی راستەوخۆ ئەنجام بدات و توانای ناسینەوەی گۆرانییەکانی هەیە.

کۆمپانیای مێتا دەربارەی وەرگێرانی راستەوخۆ لەلایەن چاویلکەکەوەرایگەیاند "کاتێک کەسی بەرامبەر بە زمانەکانی ئیتاڵی، ئیسپانی ، فەڕەنسی قسە دەکات، چاویلکەکە لە توانایدایە راستەوخۆ قسەکانیان وەربگێڕێت بۆ زمانی ئینگلیزی"

ئەم تایبەتمەندییە لە ئێستادا تەنها بۆ ئەندامانی پرۆگرامی "Early Access"ی مێتا بەردەست دەبێت، کە ڕێگە بە گروپێکی سنووردار لە بەکارهێنەران دەدات تایبەتمەندییە نوێیەکانی چاویلکەی زیرەک تاقیبکەنەوە، لە ئێستادا بۆ بەکارهێنەرانی ئەمریکا و کەنەدا بەردەستە.

تایبەتمەندییەکی دیکە کە مێتا بۆ چاویلکە زیرەکەکانی ڕایگەیاندووە بریتییە لە ناسینەوەی گۆرانییەکان لە رێگەی ئەپلیکەیشنی " Shazam" کە ئەپڵیکەیشنێکە بۆ ناسینەوەی مۆسیقا و گۆرانیەکان بە گوێگرتن لە بەشێکی کەم، بە شێوەیەکی ئاسان بەکارهێنەر دەتوانێت گۆرانییەکان بدۆزێتەوە و گوێی لێبگرێت، بە شێوەیەک کە چاویلەکەکە لە رێگای مایکرۆفۆنەکەیەوە گۆرانییەکە دەبیستێت و دەیدۆزێتەوە.

جێگەی باسە چاویلکەکە رێگە بە بەکارهێنەران دەدات بەبێ ئەوەی سەیری چاویلکەکە بکەن یان دەستی لێبدەن دەتوانن سوود لە تایبەتمەندییەکانی وەربگرن، بۆ نموونە بەکارهێنەر دەتوانێت لە "AI" بپرسێت کە لە کاتی دروستکردنی کێک یان هەر خواردنێکی دیکە دەبێت چ پێکهاتەیەک یان بە چ شێوازێک دروستی بکات راستەوخۆ وەڵامی دەداتەوە یان داوای لێبکەیت رستەیەک وەربگێڕێت بۆ زمانی ئینگلیزی.

پێشبینی دەکرێت چاویلکەی زیرەک زیاتر پەرەی پێبدرێت و لە داهاتوودا چەندین تایبەتمەندی دیکەی گرنگی بۆ زیاد بکرێت بۆ کارئاسانی زیاتری بەکارهێنەران.