زنجیرەیەکی ئەنیمەیشن لەسەر ژیانی لیۆ مێسی پەخشدەکرێت

PM:04:28:17/12/2024

192 جار خوێندراوەتەوە

زنجیرەیەکی ئەنیمەیشنی تایبەت بە ئەستێرەی تۆپی پێ، لیۆنێل مێسی، لەلایەن کۆمپانیای دیزنییەوە کڕدراوە و زنجیرەکە بە ناوی "مێسی و زەبەلاحەکان" دەبێت.

ئەم زنجیرە زانستیی-خەیاڵییە بە هاوکاری کۆمپانیای سۆنی میوزیک ڤیژن و سۆنی پیکچەرز تەلەفزیۆن بەرهەمهێنراوە و دیزنی مافی پەخشکردنی کڕیوەتەوە، زنجیرەکە باس لە سەرکێشییەکانی کوڕێکی تەمەن ١٢ ساڵان دەکات بەناوی لیۆ، کە لە ماڵەکەی خۆیەوە لە ئەرجەنتین دەگوازرێتەوە بۆ ئەکادیمیای لاماسیا لە بارسێلۆنا.

وەک لە کورتەی چیرۆکەکەدا هاتووە، لیۆ لەوێ فێری رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان دەبێت و پێویستە تیمێک دروست بکات و ببێتە پاڵەوان، ئەمەش رەنگدانەوەی بەهاکانی کاری بەکۆمەڵ و کۆڵنەدانە کە پێناسەی ژیانی وەرزشی مێسی دەکات.

لیۆ مێسی لەبارەی زنجیرەکەوە رایگەیاند: "هەمیشە خەونم بەوە دەبینی کە بەشدار بم لە پرۆژەیەکدا کە بەهاکانی وەرزش هاوبەشی پێ بکات لەگەڵ نەوە گەنجەکان، هیوادارم زنجیرەکە ئیلهامبەخش بێت بۆ منداڵان لە سەرانسەری جیهان بۆ ئەوەی بەدوای خەونەکانیاندا بگەڕێن".