بۆچی کاتی پەتا و نەخۆشی ئارەزووی خواردنت نامێنێت؟

PM:06:07:16/12/2024

1352 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتی تووشبوون بە پەتا وەرزی و هەڵامەت و ئەنفلوەنزا کەسی تووشبوو چ مناڵ یا گەورە ئارەزووی خواردنی نامێنێت بگرە هەندێ جار دلی تێک دێت و ڕەنگە بڕشێتەوە و هەندێ جاریش یەکەم نیشانەی تووشبوون ڕەنگە نەمانی ئیشتها یان کەم بوونەوەی بێت.

دکتۆر کامه‌ران ڕسوڵ ژاژڵه‌یی پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکاری نەمانی ئارەزوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پڕۆسەی هەرسکردنی خۆراک پێویستی بە وزە هەیە و لە دەستپێکی پەتا وەرزیەکان جەستەی مرۆڤ بەلایەوە باشترە کە ڕێژەی بەکارهێنانی وزە و چالاکی خۆی کەم کاتەوە تا بتوانێت گرنگی بدات و تەرکیز بکاتە سەر بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری جەستە کە هەڵدەسێت بە بەرنگاربوونەوەی هۆکارەکانی نەخۆشیەکە، جەستەی مرۆڤ بەشی ئەوەندە وزەی هەڵگیراوی تێدایە کە بتوانێت تا ماوەیەک هەڵ بکات بێ خواردن.

جێگەی باسە هەر هەمان هۆکاریشە کە لە کاتی پەتا هەست بە بێهێزی و جەستە قوڕسی دەکەین و هەست دەکەین پێویستمان بە پشووە و حەز ناکەین لە جێگای خۆمان بجوڵێن و تەنانەت تاقەتی قسەکردنیشمان نامێنێت هەروەها هەرس کردنی خواردن بە تایبەت خواردنی ژەمێکی قورس و چەور جەستە هیلاک دەکات بۆیە یەکسەر دوای تەواو بوون هەست بە خەواڵوویی دەکەیت.