کارەکانی دروستکردنی تاوەری پیزا "تاوەری زەنگی
کاتدراڵی سانتا ماریا" لە ٩ی ئابی ١١٧٣ دەستیپێکرد، بەڵام دوو سەدەی خایاند و
لە ساڵی ١٣٧٢ـدا بە یەکجاری تەواو بوو، ماوەی ٨٥١ ساڵە ئەو تاوەرە بە لاریی
ماوەتەوە.
بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنەکەی، کە لە شاری پیزای ئیتاڵیایە، تاوەرەکە
لە ماوەی دروستکردنیدا کە نزیکەی دوو سەدەی خایاند بەرەو لاربوونەوە دەچوو،
بەشێوەیەک هەمووان هەستیان دەکرد تاوەرەکە دەڕووخێت و بنیاد نانرێت.
بەپێی زانیارییەکان، لاربوونەوەی تاوەرەکە بەهۆی ئەوەوە
بووە خاکەکەی گڵ بووە، ئەمەش کاتێک هەستی پێکراوە کە کرێکاران نهۆمی دووەمیان دروست
دەکرد، لاربوونەوەکە تا دەهات زیاتر دەبوو، بەپێی سەرچاوەکانیش ژێرزەوییەکەی ناجێگیر
بووە و بووەتە هۆکاری لاربوونەوەی تاوەرەکە.
کارکردن لە دروستکردنی تاوەرەکە زۆر خاو بووە و هەندێکجار
بۆ دەیان ساڵ کارکردن تێیدا دەوەستا، چونکە
زۆرجار شاری پیزا لەگەڵ فلۆرانس و جێنەوا و ویلایەتەکانی دیکەی شارەکان لە شەڕدا
بووە.
هەندێک جار کێشەکەی ئەم لاربوونەوەیە خراپتر دەبوو و تاکو
ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو ترسێکی راستەقینە هەبوو کە تاوەرەکە بە تەواوی دابڕمێت،
بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی ئەو کاتەی ئیتاڵیا لیژنەیەکی ١٣ پسپۆڕیی دەستنیشانکرد بۆ ئەوەی
پلانێک دابڕێژن بۆ رزگارکردنی تاوەرەکە لە رووخان، تیمەکە لەلایەن ئەندازیاری پسپۆڕی
بەریتانی جۆن بێرلاندەوە سەرپەرشتی دەکرا.
تاوەری پیزا لە ئێستادا یەکێکە لە بەناوبانگترین شوێنە
گەشتیارییەکانی جیهان و ساڵانە نزیکەی پێنج ملیۆن کەس سەردانی ئەو تاوەرە دەکەن و
بە شێوەی جیاواز جیاواز وێنەی لەگەڵدا دەگرن.