هاندەرێک بە کەلەسەری باپیرەیەوە چووەتە یاریگاوە

PM:03:32:26/11/2024

260 جار خوێندراوەتەوە

هاندەرێکی یانەی رایسینگی ئەرجەنتینی کەلەسەری باپیرەی لە یاری کۆتایی جامی سودائەمریکانا بردوەتە نێو یاریگا.

یاری کۆتایی جامی سودائەمریکانا لە نێوان رایسینگی ئەرجەنتینی و کروزیرۆی بەڕازیلی چەندین ڕووداوی سەیر و سەمەرەی لەگەڵدا بوو، یارییەکە لە ئەسێنسۆنی پاراگوای لە نێوان ئەم دوو تیپەدا بەڕێوەچوو و بە بردنەوەی رایسینگ بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتایی هات.

لە کاتێکدا میدیاکان سەرقاڵی قسەکردنن لەسەر حەماسەتی باوەڕپێنەکراوی هاندەران، لە ئێستادا بڵاوبوونەوەی وێنەی یەکێک لە هاندەرانی یانە ئەرجەنتینییەکە تەواوی سەرنجەکانی خستوەتە سەرخۆی.

ئەم هاندەرە بە کەلەسەری باپیرەیەوە چووەتە یاریگاکە و بە وتەی خۆی ویستویەتی دەرفەتێک بۆ ڕۆحی باپیری بڕەخسێنێت کە بینەری پاڵەوانێتییە دڵخوازەکەی خۆی بێت.

پاش بڵاوبونەوەی هەوڵەکەش، هاندەرەکە لێدوانی بۆ رۆژنامەکاندا و تێیدا وتی: باپیرم ناوی ڤالێنتین ئاگویرێ بوو، هاندەرێکی سەرسەختی رایسینگ بوو کە تا دوا چرکەی ژیانی بەو جۆرە مایەوە، باپیرم خۆشەویستی ژیانم بوو، زۆر پێی خۆشە لە یاری کۆتایی لێرە بێت و پاڵەوانێتی یانە دڵخوازەکەی ببینێت، منیش بە باوەڕێکی تەواوەوە کەلە سەری ئەوم هێناوە بۆ یاریگا.

ئەم هەنگاوەشی لەلایەن هاندەرە گشتییەکانی یانەکەوە پشتگیری لێکراوە و پێیانوایە هاندەرەکە لە خۆشەویستی دڵسۆزی بۆ باپیرەی و یانەکە ئەم کارەی کردووە.