زۆر کەس پەنا دەبەنە
بەر خواردنی نانی جۆ بەو پێیەی تەندروستترە لە نانی سپی، بەڵام سوودەکانی نانی جۆ
چین و بەها خۆراکیەکانی چین؟ ئایا زیانی بۆ تەندروستی هەیە؟ لێرەدا زانیارییەکان دەخەینەروو.
لە ماڵپەڕی
" webteb"دا بڵاو کراوەتەوە،
جۆ یەکێکە لە جۆرەکانی دانەوێڵە کە زۆرترین بەکارهێنراوی هەیە لە جیهاندا، هەروەها
سوودێکی زۆری هەیە بۆ تەندروستی، چونکە چەندین مادەی خۆراکی جیاوازی تێدایە.
نانی جۆ ڕێژەیەکی
باشی پۆتاسیۆم و کالیسیۆم و مەگنیسیۆمی تێدایە و ئەم کانزایانە کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی
ئاستی بەرزی پەستانی خوێن، هەروەها ڕیشاڵی خۆراکی تێدایە یارمەتی
کۆنترۆڵکردنی کێش دەدات و تەندروستی ئێسک باشتر دەکات.
یەکێک لە گرنگترین
سوودەکانی نانی جۆ ئەوەیە کە یارمەتی پاراستنی تەندروستی دڵ دەدات، چونکە ڕیشاڵ، پۆتاسیۆم،
ڤیتامین بی تێدایە.
خواردنی نانی جۆ
دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی بەرزی کۆلیسترۆڵ و ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستی
دڵ و خوێنبەرەکان دروست دەکات.
نانی جۆ ڕۆڵێکی
گرنگی هەیە لە کارەکانی ئەنزیمەکانی جگەر و پاککردنەوەی جەستە لە هەندێک ژەهر. خواردنی
نانی جۆ یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە، هەروەها گەشەی
خانە شێرپەنجەییەکان کەم دەکاتەوە.
نانی جۆ وادەکات
بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە تێربوون بکەیت و یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی کێشدا.
سەرەڕای سوودەکانی
نانی جۆ، هەندێک زیانی هەیە، بۆیە پێویستە کۆمەڵێک ئامۆژگاری پەیڕەو بکرێت بۆ ڕێگریکردن
یان کەمکردنەوەی زیانەکانی، بەم شێوەیە:
-
ئەو کەسانەی تووشی هەستیاری گلوتین دەبن، پێویستە خۆیان لە خواردنی نانی جۆ بەدوور
بگرن، بەو پێیەی نانی جۆ گلوتینی تێدایە.
-
نانی جۆ پێویست بە بڕێکی کەم بخورێت و بکرێتە ناو ژەمەکانی ڕۆژانەوە بۆ ئەوەی هیچ
تێکچوونێک لە کۆئەندامی هەرسدا روونەدات.
-
پێویستە شلەمەنی بخۆیتەوە لەکاتی خواردنی نانی جۆدا، بەتایبەت ئاو بۆ ئەوەی تووشی
قەبزی نەبیت.