کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ
و سبەی شەپۆلی بارانبارین و هەورە بروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە چەند
ناوچەیەکی سنووریش بەفر دەبارێت. وتیشی، پلەکانی گەرما چوار پلە دادەبەزن.
ئەمڕۆ دووشەممە
١٨ـی ١١ـی ٢٠٢٤، کەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ ئەگەری دابارینی
نمەباران هەیە لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری دهۆک و لە کاتەکانی شەودا
کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لە ناوچە
سنوورییەکان بەفر دەبارێت.
باسی لەوەش کرد،
لەناوچەکانی باشووری سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێشبینی تاوەباران و
هەورە بروسکە دەکرێت، پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنی سێ بۆ چوار پلە دادەبەزن.
ئەوەشی خستە
روو، سبەینێ نمەباران لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی رۆژهەڵات و پارێزگای هەڵەبجە
بەردەوامی دەبێت و پاشان کاریگەری بە لاوازی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەشێوەی
نمەبارانی پچڕپچڕ دەمێنێتەوە. وتیشی، پلەکانی گەرما سێ بۆ چوار پلەی دیکە دادەبەزن.