گووگڵ گەورەترین دەستپێشخەری زیرەکی دەستکردی خۆی لە دوبەیەوە دەستپێدەکات

AM:11:10:01/11/2024

308 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای گووگڵ گەورەترین دەستپێشخەری خۆی لە بواری زیرەکی دەستکرد لە ناوچەکەدا راگەیاند.

بەپێی "سکای نیوز"، دەستپێشخەرییەکە لە میانی چالاکییەکەی AI Connect کە لە مۆزەخانەی ئیتیحاد لە دوبەی بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی عومەر سوڵتان ئەلئولاما وەزیری دەوڵەت بۆ زیرەکی دەستکرد و ئابووری دیجیتاڵی و ئەپڵیکەیشنی کاری دوور لە ئیمارات و گەشەپێدەران و خاوەنکاران، لەگەڵ سەدان نوێنەری حکومەت راگەیەندرا.

گووگڵ رایگەیاند کە راگەیاندنی "دەستپێشخەریی دەرفەتی زیرەکی دەستکرد" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا هاوتەریبە لەگەڵ پابەندبوونی خۆی بە ناوچەکە، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە سێ ملیۆن کەسی لە کارامەیی سەرەتایی دیجیتاڵی راهێناوە، هاوکات ئامانجی دەستپێشخەرییە نوێیەکە راهێنانی ٥٠٠ هەزار کەسە لە دوو ساڵی یەکەمدا بە کارامەیی پێویست.

"دەستپێشخەری دەرفەتی زیرەکی دەستکرد" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، گرنگی بە بنیاتنانی کارامەیی، پشتگیریکردنی توێژینەوە، دابینکردنی بەرهەمی پەیوەندیدار و پشتگیریکردنی ژێرخانیی پێویست بۆ گەشەپێدانی تەکنەلۆژیا دەبێت.

هەروەها گووگڵ لەم چالاکییەدا رایگەیاند کە بەنیازە لە نێوان ئەمساڵ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٧، ١٥ ملیۆن دۆلار دابین بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی هەمووان سوود لە توانای زیرەکی دەستکرد وەردەگرن.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانی گووگڵ: "توێژینەوەکانی ئەم دواییە ئاماژە بە پێویستی خێراکردنی هۆشیاری لە تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد دەکەن بۆ یارمەتیدانی تاکی زیاتر بۆ کێبڕکێکردن لە ژینگەکانی کارکردن و ئابووریدا کە پشت بە زیرەکی دەستکرد دەبەستن".

بەپێی راپۆرتی ئیکۆنۆمیست ئیمپاکت، کاریگەری ئابووریی زیرەکی دەستکرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا تا ساڵی ٢٠٣٠ دەگاتە ٣٢٠ ملیار دۆلار.

روت پۆرات، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری وەبەرهێنان و دارایی لە کۆمپانیای ئەلفابێت و گووگڵ لە وتارێکدا لە میانی چالاکییەکەدا پشتڕاستیکردەوە کە وەبەرهێنانەکانی گووگڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەشدارییان کردووە لە یارمەتیدانی تاک و کۆمپانیاکان بۆ بەدەستهێنانی لێهاتوویی و توانای سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی.

H.Y