توێژینەوەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن زەیتی
ماسی دەوڵەمەندە بە ترشی ئۆمیگا ٣ کە سوودی بەرچاوی هەیە لە چارەسەرکردنی هەندێک لە
کێشەکانی پێست.
بەپێی ماڵپەڕی "Medical News Today" زەیتی
ماسی پاڵپشتی کاری دڵ و مێشک دەکات و باری دەروونی باشتر دەکات و پارێزگاریی لە ئێسک
و جومگەکان دەکات هەروەها هەوکردن ناهێڵێت و تەندروستی پێست باشتر دەکات، بۆ ژنانی
دووگیان بەسوودە و هاندەر دەبێت بۆگەشەی کۆرپەلە و باشکردنی ماوەی دووگیانی.
ترشە چەورییە تێرنەکراوەکانی وەک ترشی ئیکۆساپێنتاینۆیک (EPA) و ترشی دۆکۆساهێکساینۆیک (DHA) لە زەیتی ماسیدا هەیە کە یارمەتی پاراستنی هاوسەنگی و ئاودانی خانەکانی پێست دەکات و بەم
شێوەیە تەندروستی پێست باشتر دەکات، زەیتی ماسی ڕێگری لە تیشکی سەروو بنەوشەیی دەکات و چاکبوونەوەی
برینەکان خێراتر دەکات.
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زەیتی ماسی هەوکردن
کەمدەکاتەوە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە دواکەوتنی نیشانەکانی پیربوون، هەروەها ئەم
زەیتە ڤیتامینە گرنگەکانی تێدایە وەک ڤیتامین A کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر پێست دروست دەکات.
پسپۆران باس لەوە دەکەن تەواوکەری ئۆمیگا ٣ یان
زەیتی ماسی لە ماوەی ١٠ هەفتەدا زیپکەکان کەمدەکاتەوە ، لە حاڵەتی ئەکزیمادا کە حاڵەتێکی
باوی هەوکردنە و بە خوران و سووربوونەوە و وشکبوونەوە دەناسرێتەوە، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ڕەنگە EPA و DHA ڕێگری لە هەوکردن بکەن و نیشانەکانی کەم بکەنەوە.
جێگەی باسە لەگەڵ ئەو سوودانەیدا نابێت
زیادەڕەوی لە خواردنی زەیتی ماسیدا بکرێت، پێویستە بەپێی رێنماییە پزیشکییەکان
بخورێت.