دڵنیابە لە هەواگۆڕکێی ماڵەکەت تەنانەت لە کەشوهەوای ساردیشدا

PM:05:54:29/10/2024

568 جار خوێندراوەتەوە

دکتۆر تاتیانا تارادێڤا پسپۆری پزیشکی ناوماڵ رایدەگەیەنێت، پێویستە بەشێوەیەکی گشتی هەواگۆڕکێی ماڵ بکرێت، تەنانەت لە وەرزی سەرماشدا، بۆ ئەوەی کێشەی تەندروستی دروست نەبێت.

ئەو دەڵێت: "هەوای پاک پێویستە بۆ وزە و چالاکی هەموو خانەکانی جەستە، چونکە ئاستی ئۆکسجین لە شوێنێکی داخراو کە هەواگۆڕکێی تێدا نییە وردە وردە کەم دەبێتەوە بە بەراورد بە بەرزبوونەوەی ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئەمەش دەبێتە هۆی خراپی گشتی تەندروستی، سەرئێشە، کەمبوونەوەی توانای کارکردن، خراپی سووڕی خوێن و بەرزی پەستانی خوێن، جگە لەوەش بەکتریا و وردە زیندەوەران و هەروەها ماددە هەستیارەکان لە ژوورێکی بێ هەواگۆڕکێدا زۆر دەبن و چالاک دەبن.

ئەو پزیشکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمەش مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆس و هەستیاری و نەخۆشی جۆراوجۆری کۆئەندامی هەناسەدان زیاد دەکات، بۆیە باشتر وایە هەر کاتژمێر و نیو بۆ دوو کاتژمێر جارێک هەواگۆڕکێی ماڵەکە بکرێت، تەنانەت لە کەشوهەوای ساردیشدا، بە کردنەوەی پەنجەرەی ژوورەکانی ماڵەکە یەک لە دوای یەک بۆ ماوەی پێنج بۆ ١٠ خولەک هەر جارێک بۆ ئەوەی بە خێرایی هەوای ژوورەکە پڕبکرێتەوە، یان بە کردنەوەیان کاتێک کەس لە ماڵەکەدا نییە، هەروەها باش نییە سپلێت بەکاربهێنرێت چونکە ئاستی ئۆکسجین لە ژوورەکاندا باشتر ناکات.

ئەو دەڵێت: بۆ پاراستنی کەشوهەوای تەندروست لەناو ماڵدا لە وەرزی سەرمادا، دەبێت هەواگۆڕکێی بەردەوام هەبێت، بەتایبەتی ژووری نووستن و ژووری منداڵان چونکە کەمی ئۆکسجین دەبێتە هۆی ماندوێتی و هەستکردن بە ناڕەحەتی.

بە وتەی ئەو، رێگەیەکی تر هەیە بۆ دابینکردنی هەوای پاک بۆ ماڵەکە، ئەویش بە بەکارهێنانی ئامێرێکی هەواگۆڕکێ "ساحبە" کە هەوا لە دەرەوەی ماڵەوە رادەکێشێت و پاکی دەکاتەوە لە ماددە هەستیارییەکان و خۆڵ و گازی ئۆتۆمبێل، ئەمەش رێگە دەدات پەنجەرەی ماڵەکە نەکرێتەوە لە کەش و هەوای سارددا، جگە لەوەش زۆربەی ئەم ئامێرانە هەوای ژوورەکە گەرم دەکەن.

H.Y